Nov 2016

ئاگاداریەکى گرنگ بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى

wezarett logo 2

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى سەرجەم دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەکات، کە جگە لە پەیج و وێبسایتى ڕەسمى وەزارەت بۆ وەرگرتنى زانیارى پشت بەهیچ سەرچاوەیەکى تر نەبەستن و ئەو پەیج و سایتانەش ڕوبەڕوى دادگا دەکاتەوە، کە زانیارى نادروست لەبارەى وەرگرتنى خوێندکاران بڵاو دەکەنەوە.

 

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ماوەیەکە چەند پەیج و سایتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زانیارى و ڕونکردنەوەى نادروست لەبارەى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەخوێندکاران و قوتابیانى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى دەدەن، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەم پەیجانە بۆ نمونە پەیجى (https://www.facebook.com/poli12amaday) و چەندانى دیکە دورونزیک بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە نیەو، ئەو زانیارییانەشى کە بڵاوى دەکەنەوە هیچ بنەمایەکیان نیە و دورن لە ڕاستییەوە، هەربۆیە وەزارەت لە دادگا داواى یاسایى بەرامبەر ئەو پەیجانە تۆمار دەکات، بەتایبەت پەیجى (پۆلى ١٢)، لەهەمان کاتدا بەڕەسمى داوا لە فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومیەکان دەکات مۆڵەتى کارکردنی لێ وەربگرێتەوە، چونکە کارى دروستى خۆی ڕانەپەڕاندوە و، بە بڵاوکردنەوەى زانیارى نادروست خوێندکاران چەواشە دەکات.

 

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند، کە تەنها لە ڕێگەى وەزارت و ڕاگەیەندراوە ڕسمیەکانى وەزارەتەکەمان و لێدوانەکانى وتەبێژى وەزارەت و بڵاوکراوەکانى وەزارەت لە وێبسایتى وەزارەت بەناونیشانى www.mhe-krg.org و، لاپەڕى ڕەسمى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوکى وەزارەت بەناونیشانى (www.facebook.com/mhekrg) کەناڵى رەسمى وەزارەتن و، دەتوانن لە ڕێگەى ئەو کەناڵانەوە بگەنە زانیارى دروست، بەپێچەوانەوە بەپێچەوانەوە ئێمە لە هیچ زانیاریەکى ئەو وێب سایت و پەیجانە بەرپرسیار نین، بەتایبەت پڕۆسەکانى (زانکۆ لاین) و، وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.