Nov 2016

زانکۆى سەڵاحەددین بڕوانامەى بەکالۆریۆسى بەخشیە (۳٩٦٤) دەرچوو

IMG_0059.JPG

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا هەوڵمان داوە کە بەشێوازێکی زانستی کارلێکی نێوان پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕێکبخەینەوە، لە ئێستادا وەزارەتەکەمان هەماهەنگیی لەگەڵ کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەت دەکات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و ڕوپێوکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان لە پێناو دەسستنیشانکردن و گرینگیدان بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی  کە بازاڕی کاری هەرێمەکەمان پێویستیی هەنووکەیی پێیانە و گرنگن بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان. ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانه‌ی پێشكه‌كردنی وتارێكیدا هات كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاهه‌نگی خولی (3٥) ده‌رچوانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشكه‌شی كرد.

دەستپێکى ئاهەنگەکە

له‌و ئاهه‌نگه‌دا، كه‌ شه‌وی پێنچ شه‌ممه‌، رێكه‌وتی (٣٠/٦/201٦) له‌ یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌دروشمی ((سەرکەوتنەکانى پێشمه‌رگه‌ زامنى سه‌ربه‌خۆبونه‌)) به‌ڕێوه‌چو، ئاهه‌نگه‌ به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌رچوانی خوله‌كه‌و مامۆستایانی زانكۆكه‌ بۆ ناو یاریگاكه‌ ده‌ستی پێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بێده‌نگیان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نواند، دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه‌.

دەرچوان سەرکردەى ئایندەن

له‌ سەرەتایى وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ناوی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی پیرۆزبای گه‌رمی له‌ ده‌رچوان و سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پۆله‌ گه‌نجه‌ له‌ كۆڕان و كچان كرد و، وتى: خۆشحاڵم ئەمرۆ لە  شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەشداری مەراسیمی ئاهەنگی دەرچوونی خولی (سی پێنجهەمینی) زانکۆی سەلاحەددینی ئازیز دەبم، ئەمڕۆ (٣٩٦٤) گەنجی وڵاتەکەمان بڕوانامەی بەکالۆریوس لە بواری پسپۆڕی جیادا لەم زانکۆیە وەردەگرن، هاوکات هەر لەم مەراسیمەدا (٢١٠) کاندید بڕوانامەی ماستەریان پێدەبەخشرێت و ١٢ کاندیدیش دەبنە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا.. پیرۆز بێت دەرچوونی ئەم پۆلە گەنجە لە زانکۆکەتان و لە هەموو کوردستان، بێگومان ئێوەی دەرچوانی زانکۆکانی کوردستان سەرکردەی ئایندەو بەشێکی هەرە گرنگی سەرمایەی مرۆیی وڵاتەکەمانن و شانازیتان پێوە دەکەین. وتیشى بیرمان نەچێ لە سایەی خوێنی شەهیدان و نەبەردی و خۆڕاگری و بەرخودانی هێزی پیشمەرگەی کوردستان و لەسایەی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکەمان، کە ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە بەشداری لەم ئاهەنگە قەشەنگە دەکەین.

گۆڕانکارییەکان ئەرکى خوێندنى باڵایان قورستر کردوە

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی بەگؤرانکارییەکان کرد و وتی: دەبێت هەموو لایەکمان ئەو ڕاستییەمان لە پێش چاو بێت، کە ئێستادا نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرتاسەری دونیا بەهۆی کاریگەری تەکنۆلۆجیا و گۆڕانکاری خێرا لە بارودۆخى ئابووری وڵاتان، دەرچوانی زانکۆکان ڕوبەڕوی تەحەدیاتی گەورە دەبنەوە، بازاڕی کار بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: کە هەموو دونیا لەسەر ئەو پرانسیپە کۆکن کە هەڵگرانی بڕوانامەی زانستی و دەرچوانی دامەزراوە زانستییەکان نەک تەنها دەبێت ئامادەی پێشبڕکێ بن بۆ دەستکەوتنی کار لە کەرتە جیاکانی گشتی و تایبەت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەن خۆیان هەلی کار بخولقێنن، هەروەم ئاشکراشیکرد کە ئەم گۆڕانکاریانە ئەرکی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵایان قورستر کردوە، سەرکردەکان و داڕێژەرانی سیاسەتی گشتی خویندنی باڵا دەبێت خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەکانی سەدەی بیست و یەک و سەردەمی تەکنۆلۆجیای نوێ ئامادە بکەن، پێویستیمان بەوەیە کە ورد تر لە پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار بڕواننین.

پڕۆگرامەکانى خوێندن دەبەسترێنەوە بەبازارى کار

سه‌باره‌ت به‌دۆخی خوێندن و كارو به‌رنامه‌كانی وه‌زاره‌ت، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: ئێمە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا هەوڵمان داوە کە بەشێوازێکی زانستی کارلێکی نێوان پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕێکبخەینەوە، لە ئێستادا وەزارەتەکەمان هەماهەنگیی لەگەڵ کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەت دەکات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و ڕوپێوکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان لە پێناو دەسستنیشانکردن و گرینگیدان بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی  کە بازاڕی کاری هەرێمەکەمان پێویستیی هەنووکەیی پێیانە و گرنگن بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان ، هەروەم هەوڵمان داوە بۆ دروستکردنی سیستمێکی مۆدێرن لە خوێندنی پیشەیی (vocational education)، تاوەکو بتوانین ئەو بۆشاییانە پڕ بکەینەوە کە پەیوەندیان بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە هەیە، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە لەو پڕۆژانەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگی تایبەتی داوە بە فێربونی زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دوەم و زمانی زانست لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەین بۆ ڕەخساندنی زەمینەی زانستی پێویست لە ژێرخان و توانای مرۆیی و پرۆگرامی پێشکەوتوی خوێندن، هەروەها کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی تاقیکردنەوە ستانداردەکانی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان.

نابێ کۆمەڵگەى ئەکادیمى کوردى لە کۆمەڵگەى ئەکادیمی نیودەوڵەتی داببڕى

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا د.یوسف گۆران باسى لەگرنگى بەستنەوەى زانکۆکانى کوردستان بەزانکۆکانى جیهان و کۆمەڵگەى ئەکادیمى نێودەوڵەتى کرد و لەوبارەیەوە ڕایگه‌یاند: گرنگە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا ئێمەی کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردستانیش دەبێت خۆمان لە کۆمەڵگای ئەکادیمی نیودەوڵەتی دانەبڕێنین، بمانەوێت یان  نەمانەوێت ساڵانە زانکۆکانمان لەلایەن دەزگای نیودەوڵەتییەوە ڕیزبەند دەکرێن، بەشداریمان لە بەرهەمهێنانی مەعریفە هەڵدەسەنگێنرێت، ئاستی دەرکەوتنمان لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی ساڵانە نیشان دەدرێت. هەربۆیە گرنگترین هەنگاوی وەزارەتەکەمان بریتی بوو لە کرانەوە و دوبارە پێناسەکردنەوە و دیاریکردنی ستانداردە زانستییەکان، بەتایبەت ئەو پێوەر و ستانداردانەی کە ڕەهەندی نێودەوڵەتییان هەیە و زۆربەی سیستمە پێشکەوتووەکانی دونیا لەسەری کۆکن، بۆ ئەم مەبەستەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستاندا توانیمان هەموو ئەو پێوەرانە دابڕێژینەوە کە زانکۆکانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت.

بۆ یەکەمین جار ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیندرا

له‌سه‌ر ئاستی بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکانى کوردستان و دروستکردنى پێشبڕکێى ئەکادیمى و زانستى، وه‌زيری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی باسى لە ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان کرد و لەو بارەیەوە وتى: ساڵی پار لە مەراسیمی ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆکەتان ڕامانگەیاند کە پرۆژەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی کەوتۆتە قۆناغێکی پێشکەوتووی جێبەجێکردنەوە، ئەم ساڵ بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنین کە توانیمان بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خوێندنی باڵا و لەمانگی  کانونی یەکەمی ٢٠١٥دا یەکەمین خولی ڕیزبەندیی زانکۆکان ڕابگەیەنین، پرۆسەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان بریتییە لە هەڵسەنگاندنی زانستییانەی زانکۆکانی کوردستان و ڕیزبەندکردنیان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە زانستییە نێودەوڵەتییاکان و ڕێکخستنی پێشبڕکێی زانستی لە نێوان زانکۆکان، بێگومان ئەم پرۆژەیە هەلی پێشبڕکێ لە نێوان زانکۆکان دەڕەخسێنێت لەسەر بنەمای ستاندارد و کواڵیتی، هاوکات هۆکارێکی گرنگە بۆ ناساندن و ئاشناکردنی زیاتری زانکۆکانمان بە پێوەر و کەلتور و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کە لە ئاکامدا بەرزبوونەوەی کواڵیتی و گەشەکردنی زانستی و ئەکادیمی لێدەکەوێتەوە، چونکە ئەو پیوەرانەی کە لەم سیستمەدا بەکار هاتوون هەمان ئەو پێوەرانەن کە زۆرینەی هەرەزۆری سیستەمەکانی ڕیزبەندیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە سەرتاسەری جیهان بەکاری دەهێنرێن لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەلومەرجی ناوخۆیی زانکۆکانی کوردستان. پرۆسەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی پشت بە سیستمێکی زیرەکی ئەلکترۆنی پێشکەوتوو دەبەستێت ، کە تیایدا زانکۆکانی کوردستان لەسەر بنەمانی (٥٩) پێوەری سەرەکی بەراورد دەکرێن، پرۆسەکەش لە ڕێگای میتۆدۆلۆجی و ئەلگۆریثمی ماتماتیکییەوە ئەنجام دەدرێت. جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ئەنجامی ڕیزبەندیی نیستیمانی زانکۆکانی کوردستاندا  زانکۆکەتان "زانکۆی سەڵاحەددینی خۆشەیست" لە ڕیزی پێشەنگی زانکۆکانی کوردستاندا بوو، بۆیە پیرۆزباییتان لیدەکەین و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین، چاوەڕوانی گەشەکردن و پێشکەوتنی زیاترین لە زانکۆکەتان.

کارى زۆر کراوە بۆ بەشداریکردنی ڕەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفە

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌به‌زكردنه‌وه‌ی ئاستی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و ئەو کارانەى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ماوەى دو ساڵى ڕابردودا لەو بوارەدا کردویەتى، د.يوسف گۆران  له‌ وتاره‌كه‌يدا ڕونكردنه‌وه‌ی زياتری داو وتی: هەروەها جێگەی ئاماژە پێکردنە کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کاری گرنگمان کردوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی گشتی توێژینەوەی زانستی  بە ئاراستەی بەشداریکردنی ڕەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفە و هاندانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەت لەو گۆڤارانەی کە سەنگ و فاکتەری کاریگەرییان هەیە، هاوکات لەمەودوا دەبێت هەموو پرسیاری توێژینەوە زانستییەکان پەیوەندیداربێت بە چارەسەرکردنی کێشەو پرسەکانی هەرێمی کوردستانەوە. ئەم هەنگاوەش لە چاکسازیەکانی سیستمی خوێندنی ماستەر و دکتۆرادا ڕەنگی داوەتەوە کە خۆشبەختانە ئەمساڵ توانیمان ڕێنماییەکانی سیستمی نوێی خوێندنی دکتۆرا دابڕێژینەوە و ، لێرەوە ئەو مژدەیە ڕابگەیەنین کە لە مانگی (٨)ی ئەم ساڵ دا دەرگای پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمێکی نوێ دەکرێتەوە.  

بەگیانى لە خۆبردویى و بەرپرسیارێتیەوە لە ئایندە بڕوانن

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پیرۆزبایی له‌ ده‌رچوان كردو وتى: لە کۆتاییدا دەمەوێت ڕوبکەمە دەرچوانی ئەم خولەی زانکۆکەتان و پیتان بڵێم، پیرۆزباییتان لێدەکەم، هیوام وایە ئێوەی نەوەی نوێ و سەرکردەی داهاتوی وڵاتەکەمان بە گیانی لە خۆبردویی و بەپرسیارێتییەوە لە ئایندەی کوردستان بڕواننن و، بەشداری کارا لە گەشەپیدانی هەمەلایەنەی کوردستان بکەن، ئەوەی لەسەر زانکۆکەتان بوو پێشکەشیکردن، ئێستا نۆرەی ئێوەیە بە هیواوە هەوڵ بدەن، شەونخونی بکەن بۆ ئایندەی وڵاتەکەمان، بۆئەوەی هەموو پێکەوە بتوانین ئابوورییەکی فرەڕەنگ و سەقامگیر و گەشەکردوو بۆ هەرێمەکەمان بنیاد بنێینەوە،.

جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایانی ئازیز بکەم کە سەرباری بارودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵ و ماندووبوونیان بەردەوام بوون بۆ گەیاندنی ئێوە بەم ڕۆژە پڕ شکۆیە. سوپاسی بێپایانی کەسوکاری دەرچوانی ئازیز دەکەم، کە بە هەوڵ و هیمەت و میهرەبانیان توانیان پشتیوانی لە سەرکەوتنی ڕۆڵەکانیان بکەن. دو بارە پیرۆزبایی لە هەموو لایەکتان دەکەم...... هەمیشە هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن و کوردستانمان پارێزراو ئاوەدان بێت.

بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرایە دەرچوان

هه‌ر له‌ ئاهه‌نگی خولی (34)ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددیندا كه‌ به‌چاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان به‌ڕێوه‌چو، وتاری سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لەلایەن د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین پێشکەش کرا، لە وتارەکەدا سەربارى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و کەس و کاریان، دەستخۆشى لە زانکۆى سەڵاحەددین و مامۆستایانیش کرابوو، کە توانیویانە ئەو پولە گەنجە بۆ کۆمەلگەى کوردى پێ بگەێنن، لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەدا وتارى سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كردنی ئاهه‌نگ و، وتاری نوێنه‌ری ده‌رچوان پێشكه‌ش كرا، هه‌روه‌ك دوای سوێندخواردنی ده‌رچوان، له‌ سه‌ر داواكاری ڕاگری كۆلێژه‌كان له‌لایه‌ن دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس به‌خشرایه‌ ده‌رچوان، به‌وه‌ش كۆتایی به‌ئاهه‌نگه‌كه‌ هات.

زانکۆى سەڵاحەددین بەژمارە

 له‌ ئاهه‌نگی خولی (3٥)ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌ كۆی (٥٧٢٣) پێنچ هه‌زار و حەو سەد و بیست و سێ خوێندكار، (۳٩٦٤) خوێندکار به‌خولی یه‌كه‌م  له‌ (١٤) كۆلێژ ده‌رچون و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان پێشكه‌ش كرا. هاوکات لە هەمان ئاهەنگدا بڕوانامەى ماستەر پێشکەش بە (٢٤٠) دەرچوو کرا، هەروەک (١٥) دەرچوەش بڕوانامەى دکتۆراییان پێشکەش کرا.

 

زانكۆی سەڵاحەددین لە كاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا نزیکەى (٨0) هەزار قوتابی و خوێندكاری لە خوێندنی بەكالۆریۆس پێگەیاندوە، هەروەها لە (٨٣) بەشی زانستی و (14) كۆلێژ پێكدێت. ئێستا زیاتر لە  (٢٥) هەزار خوێندكارو قوتابی بە كالۆریۆسى هەیە، کە (١١٥٤٢) خوێندکاریان کوڕن و (١٣٥٢٠) خوێندکاریان کچن، لەهەمان کاتدا لە زانکۆى سەڵاحەددین نزیكەی (٢00) خوێندكارو قوتابی خوێندنی باڵا/ ماستەرو، زیاتر لە (١50) قوتابی و خوێندكاری خوێندنی باڵا/ دكتۆرا هەیەو، ژمارەی مامۆستایانی گەیشتۆتە زیاتر لە دوو هەزار مامۆستا.