Nov 2016

د.یوسف گۆران: لە هەوڵداین بۆ کردنەوەى زانکۆى زانستى کردەى لە هەرێمى کوردستان

DSC_0490.JPG

 بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.پشتیوان سادق وەزیرى پەروەردە، کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت لە هۆڵى کۆبونەوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٠/٥/٢٠١٦) بەئامادەبونى ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى هەردوو وەزارەت بەڕێوەچوو، تییایدا گفتوگۆ لەبارەى بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت کرا، بەتایبەت وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش بڕیارى پێویست درا.

لەو چوارچێوەیەدا و لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا  د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ڕایگەیاند ئەنجامدانى ئەم جۆرە کۆبونەوانە لە چوارچیوەى کۆبونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوو وەزارەت گرنگە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە بابەتە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنى ئەو کێشەو گرفتانەى ڕوبەڕوى کارەکانمان دەبێتەوە، بۆیە ئێمە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازى لەو جۆرە کۆبونەوانە دەکەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى ئەو بابەتانە کرا کە لە کۆبونەوەى پێشتر خرابووە بەرنامەى کارەوە، بۆ ئەوەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەو فۆرمەى کە داواکرابوو بۆ کۆکردنەوەى زانیارى قوتابیانى پۆلى دوانزەى ئامادە کراوەو ڕەوانەى وەزارەتى پەروەردە کراوە و لە ئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ئەزمونەکان کارى لەسەر دەکرێت و هەنگاوى زۆر چۆتە پێشەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەى ئەوەى لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا کە پێشتر بڕیارى لەسەر درابوو بەر لە ڕێکەوتى (١٥/٧) سەرجەم زانیارییەکانى قوتابیانى دوانزەى ئامادەیى، جگە لە نمرەکانیان ڕادەستى ناوەندى وەرگرتن لە وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بکەن.

سەبارەت پیشخستنى تاقیکردنەوەکانى خولى دوەمى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى، بڕیاردرا ساڵى داهاتوو لەکاتى دانانى ساڵنامەى خوێندنى پەروەردەیدا، پێشنیازى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەبەرچاو بگیرێت و نوێنەرییان لەو کۆبونەوانە ئامادە بێت کە ساڵنامەى خوێندن دادەنێن، لە پێناو ئەوەى تاقیکردنەوەکانى خولى یەکەم و دوەم بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) بۆ ماوەیەک بێتە پیش، تا زوتر ئەنجامى تاقیکردنەوەکان ڕەوانەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بکرێت.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى کردنەوەى بەشى خوێندنى تایبەت بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) پەسند کرد، بۆ ئەوەى زیاتر بایەخ بەخوێندنى تایبەت بدرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى خوێندنى پیشەیى و چۆنێتى بایەخدان بە بەشەکانى ئامادەیى پیشەیى کرا، بۆ ئەوەش جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەى فشارەکانى سەر خوێندنى زانستى و وێژەى کەمبکرێتەوەو، بەیەک ئاست بەیەخ بەخوێندنى ویژەى و زانستى و پیشەیى بدرێت، بۆ ئەوەى خوێندکاران هانبدرێن تا ڕوو لە ئامادەییە پیشەییەکان بکەن.

بۆ ئەوەش وەزارەتى پەروەردە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە هاوشانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بایەخى زۆر بەخوێندنى پیشەیى دەدەن و ئەنجومەنى وەزیرانیش پشتگیرى لەو بەرنامەو هەنگاوانەى هەردوو وەزارەت دەکات، ئەوەش بۆ ئەوەیە تا بەهەوڵى هەموو لایەک خوێندنى پیشەیى بچێتەوە سەر ڕیگە ڕاستەکە، بەشێوەیەک خویندکاران ڕوو لەو جۆرەکانى خوێندنى پیشەیی بکەن کە بۆ بازارى ئەمڕۆى کارى کوردستان زۆر پێویستن.

هەر بۆ بایەخدانى زیاتر بەئامادەییە پیشەییەکان وەزارەتى پەروەردە داواییان کرد لە زانکۆ پۆلیتەکنیکدا بەشێکى تایبەت بەناوى پێگەیاندنى مامۆستایى پیشەیى بکرێتەوە, بەو پێیەى وەزارەتى پەروەردە پێویستى زۆرى بەپێگەیاندنى ئەو جۆرە مامۆستایانە بەپیى پسپۆڕییە جیاوازەکان بۆ ئامادەییە پیشەییەکان. بۆ ئەوەش د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەو پێشنیازە بەنوسراوى ڕەسمى ئاڕاستەى زانکۆکان دەکەین بۆ ئەوەى هەر زانکۆیەک لە توانایدا بوو ئەو بەشە بکاتەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: کە لە قۆناغى دیراسەتکردنداین بۆ کردنەوەى زانکۆى زانستى کردەى ( University of Applied Science) لە هەرێمى کوردستان، ئەوەش بەسود وەرگرتن لە ئەزمونە سەرکەوتوەکان وڵاتان لەو بوارەدا، وتیشى کردنەوەى ئەو زانکۆیە ئەگەر گەیشتە قۆناغى کۆتایى خزمەتى زۆر بەخوێندنى پیشەیى لە وەزارەتى پەروەردە و هەرێمى کوردستان دەکات.

مامۆستایانى پیشەیى سێ جۆرن، دەرچوانى ئامادەیى و پەیمانگەکان دەرچوانى زانکۆ تەکنیکیەکان مامۆستان، بۆیە داواکارین ڕێگەییان پێ بدرێت لە بوارى پسپۆڕى پیشەیى خۆیان دەرفەتى خویندنیان لە زانکۆ پۆلیتەکنیکەکان دەرفەتاین بۆ بڕخسیت.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا وەزارەتى پەروەردە پێشنیازییان کرد خوێندنى پیشەیى لە ئامادەییە پیشەییەکانى وەزارەتى پەروەردە بکرێتە پێنچ ساڵ، بەڵام دوو ساڵى کۆتایى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتى بکرێت و دواتر بڕوانامەى دبلۆمى هاوبەش بە خوێندکارانى ئامادەییە پیشەییەکان بدرێت، بۆ ئەوەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایانگەیاند دواى تاوتوێکردن و دیراسەکردنى ئەو پێشنیازە بەڕەسمى وڵامیان دەدرێتەوە.

بۆ هەماهەنگى زیاتر لە خوێندنى بنەڕەت لە کۆلێژە بنەڕەتییەکان ئەوە ڕاگەیاندرا کە لە ماوەى ڕابردودا کۆبونەوەیان لەگەڵ ڕاگرى کۆلێژە بنەڕەتیەکان کراوە، لەهەمان کاتدا کۆنفرانسێکى تایبەت بە پڕۆگرامەکانى خوێندن بەڕێوەچوو بۆ ئەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژە بنەڕەتیەکان هاوتەریب بکرێت لەگەڵ پرۆگرامەکانى خوێندن لە ناوەندەکانى خوێندنى سەر بەوەزارەتى پەروەردە. هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتى پەروەردە ئەوەیان ڕونکردەوە کە بەهۆى پێویستى زۆریان بەمامۆستا و نەبونى دامەزراندن لە ئێستادا بەناچارى پەنایان بردۆتە بەر فەرمانبەرانى وەزارەتەکەیان بۆ ئەوەى ناونیشانەکەیان لە فەرمانبەرەوە بگۆڕن بۆ مامۆستا، بۆ ئەوەش پێویستیان بەڕەزامەندى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەیە تا لە کۆلێژەکانى بنەڕەتى ئێواران بخوێنن، هەروەها وەزارەتى پەروەردە ڕایانگەیاند کە ناوى باخچەکانیان لە ساویانەوە گۆڕییەوە بۆ باخچەى منداڵان، بۆ ئەوەش پێشنیازییان کرد لە زانکۆکان ناوى ئەو بەشەکانى باخچەى ساویان بگۆڕن بۆ باخچەى منداڵان، بۆ ئەو پێشنیازانەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایانگەیاند دواى ئەوەى بەڕەسمى پێشنیازەکان گەیشتە وەزارەت بڕیارى پێویستى لەبارەوە دەدەین.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى دیکەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت کرا، بۆ ئەوەش بڕیارى پێکهێنانى چەند لێژنەیەکى هاوبەش و بەردەوام درا بۆ ئەوەى کارەکان بەشێوەیەکى کاراتر بەڕێوەبچن.