Nov 2016

وەزارەتى خوێندنى باڵا داواى ڕونکردنەوە لە كۆنسڵگه‌ری میسر دەکات

1.jpg

 دواى ئەوەى خوێندکارێکی کورد لە یەکێک لە زانکۆکانى وڵاتى میسر پێش ئەوەى دەست بەگفتوگۆى ماستەرنامەکەى بکات، لەلایەن یەکێک لە مامۆستایانی لێژنه‌ی تاوتوێكردنی ماسته‌رنامه‌كه‌ی داوای لێکراوە ئاڵای کوردستان کە لە پشتی هەڵیواسیبوو دایبگرێت.! ئەم ڕوداوە کاردانەوەو ناڕەزایى خەڵکى کوردستانى به‌دوای خوێدا هێنا.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: بۆ بەدواداچونى ئەم ڕوداوە، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (١٣-١-٢٠١٦) بەئیمزاى (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وەزارەتەکەمان نامەیەکى ڕەسمى ئاڕاستەى کۆنسڵگه‌ری وڵاتى میسر لە شارى هەولێر کرد.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاشكراشیكرد: لەو نامەیەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم داواى ڕونکردنەوەى تەواو و پێویستی لە کۆنسڵگه‌ری میسر لە شارى هەولێر كردوه‌ لەسەر ئەم ڕوداوەو، هەڵسوکەوتى ئەو مامۆستایە لەبەرامبەر ئاڵاى کوردستان و ئەم خوێندکارە کوردەى زانکۆکە.

عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند: ئەگەر دەرکەوت ئەم کارە بە پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو بەرامبەر به‌و خوێندکارەو ئاڵاى کوردستان ئەنجامدرا بێت، ئەوا وەزارەتەکەمان پێداچونەوەى تەواو بەپەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەو زانکۆیە دەکات و، ڕێوشوێنى پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە دەگرێتەبەر.