Nov 2016

ئەو خوێندکارانەى کوردى زمانى دایکیان نیە، دەبێت فێرى زمانى کوردى بن

IMG_3118.JPG

 فوئاد عەلى ڕاگەیاند: ئەو خوێندکارانەى کە زمانى کوردى زمانى دایکیان نیەو، لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەخوێنن فێرى زمانى کوردى دەکرێن.

ئەو ڕاگەیاندنەى فوئاد عەلى سەرۆکى لێژنەى دانانى وانەى خوێندنى زمانى کوردى بۆ زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیى لێژنەکەیاندا هات، کە پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٢٢/١٢/٢٠١٥) لە هۆڵى (ڤیدیۆ کۆنفرانس) لە دیوانى وەزارەت بۆ خستنەڕوى ئاکامى کارى لێژنەکەیان و، خستنەڕوى وردەکارى وانەکە ڕێکخرابوو.

لەو چوارچێوەیەدا فوئاد عەلى وتى: لە ماوەى ڕابردودا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زاستى فرمانیدا بەپێکهێنانى لێژنەیەک بۆ ئامادەکردنى دانانى وانەى خوێندنى زمانى کوردى بۆ ئەوانەى کە زمانى دایکیان کوردى نیە، فوئاد عەلى ڕونیشیکردەوە وەزارەتەکەمان وەک پڕۆژەیەکى نەتەوەى لە بابەتەکە دەڕوانین، چونکە کوردستان فرە پێکهاتەیە، ئەم وانەیەش بۆ ئاشنا بونە بەکەلتورو کەلەپورى کوردى، لەهەمان کاتدا پڕۆژەکە سودى بۆ پڕۆژەى دەوڵەتى کوردیش دەبێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى لێژنەى دانانى وانەى خوێندنى زمانى کوردى دواى ئاماژەدان بەفێربونى زمانى کوردى و، گرنگى ئامادەکردنى ئەو وانەیە، ڕایگەیاند: ئەو وانەیە تایبەت کراوە بە فێرکردنى زمانى کوردى بۆ ئەو خوێندکارانەى کە زمانى کوردى زمانى دایکیان نیەو، لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەخوێنن، وتیشیى ئەو وانەیە لە قۆناغى یەکەمى ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)ەوە بەشێوەیەکى ناچارەکى (اجبار)ى لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێندرێت، ئاشکراشیکرد پرۆگرامەکەش بەم شێوەیە دەبێت:

1.     کۆ وانەیەک, کە (پیت، وشە، ڕستە و هەندێک بەشى ئاخاوتنى گرنگى زمانى کوردى) لەخۆ دەگرێت.

2.     پەرتوکێک، بەفراوانى زمانى کوردى ئاشناى ئەو خوێندکارانە دەکات، کە زمانى کوردى زمانى دایکیان نیە بەتایبەت بە پێکهاتەو تایبەتمەندییەکانى زمانى کوردى.

3.     ئەو وانەیە دەبێت بەزمانى کوردى بوترێتەوە، هەروەک پرسیاردانان بەزمانى کوردى دەبێت و، لەهەمان کاتیشدا لەلایەن مامۆستاى بەشى زمانى کوردییەوە وانەکە دەوترێتەوە.

4.     ساڵى یەکەمى خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەى کە ئەو وانەیە دەخوێنن، وانەى کوردۆلۆژى ناخوێنن، بەڵام ئەو خوێندکارانەى کە ئلمادەییان بەزمانى کوردى خوێندوە، دەبێت وانەى کوردۆلۆژى بخوێنن.

5.     ئەو وانەیە کۆنمرەى تەواوى لەسەرەو، تاقیکردنەوەکانیش ناوەندى (مرکزى) دەبێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا فوئاد عەلى ڕاگەیاند: پڕۆژەکە لە دوو قۆناغ پێکهاتوە، ئەم قۆناغەیان تایبەتەتە بەخوێندکاران و، لەناو خوێندکارانیش بۆ قۆناغى یەکەم دەبێت، هەروەک لە ساڵانى داهاتودا ئەو خوێندکارانەش دەگرێتەوە کە لە قۆناغەکانى دیکەى خوێندنن، ئاشکراشیکرد کە بەڕێوەبەرایەتى زانکۆ تایبەتەکان لە دیوانى وەزارەت نوسراوى ڕەسمى ئاڕاستەى زانکۆ تایبەتەکان کردوە بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)، ڕونیشیکردەوە کە قۆناغى دوەمى پڕۆژەکەیان بۆ مامۆستایانى زانکۆ دەبێت.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.جەمال کەمال لێژنەى دانانى وانەى خوێندنى زمانى کوردى وتى: لە قۆناغى دوەمى پڕۆژەکەماندا سەرجەم ئەو مامۆستایانەى کە زمانى دایکیان کوردى نیە، دەرفەتەمان پێداون تا خۆیان فێرى زمانى کوردى بکەن، لەهەمان کاتدا فێربونى زمانى کوردى دەبێتە یەکێک لە مەرجەکانى گرێبەستى نێوان زانکۆ تایبەتەکان و مامۆستاکانیان، هەر مامۆستایەکیش خۆى فێرى زمانى کوردى نەکات گرێبەستەکەى هەڵدەوەشێنینەوە، ڕونیشیکردەوە ئەو مەرجە سەپاندن نیە، بەڵکو بۆ پێکەوەژیانە، ئاشکراشیکرد سەنتەرەکانى زمان دەبنە ناوەندێک بۆ فێربونى زمانى کوردى بۆ ئەو مامۆستایانەى کە زمانى کوردى زمانى دایکیان نیە.  

لە هەمان کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.کوردستان موکریانى ئەندامى لێژنەى دانانى وانەى خوێندنى زمانى کوردى بۆ زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان سەربارى دەستخۆشیکردنى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە بەرامبەر ئەو هەنگاوە گرنگەى بۆ بایەخدان بەزمانى کوردى ڕاگەیاند: زمانى کوردى بەقۆناغێکى سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ئەوەى لە توانامدا بێت بۆ خزمەتکردن بەو زمانە درێغى ناکەین.

کۆنگرە ڕۆژنامەیەکە بە پرسیارى پەیامنێران و نێردراوان دەزگاو دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن و، وەڵامى ئەندامانى لێژنەى دانانى وانەى خوێندنى زمانى کوردى کۆتایى پێهات.