بەئامانجى ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى پۆلى (١٢) ئامادەیى, وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتنى لە پەیمانگە تایبەتەکان بە (٥٠%) دیاریکرد.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: وەک دەرفەتێک بۆ دەرچوانى پۆلى (١٢) ئامادەیى و تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن، لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى، بەڕێوەبەرایەتى خوێندنى تایبەت لە دیوانى وەزارەتەکەمان، بەفرمانێک کە ئاڕاستەى (پەیمانگەى هەولێر بۆ نەوت) و ( پەیمانگەى تەکنیکى ڕەواندزى تایبەت)ى کردوە، تییدا هاتوە " بۆ چونە پێشبڕکێى وەرگرتن لە پەیمانگە تایبەتەکان کۆنمرەى (٥٠%) دیاریکراوە بۆ سەرجەم بەشەکان".
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆتایى لێدوانەکەیدا ئەوەى ڕاگەیاند: ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو پەیمانگە تایبەتیانەش دەگرێتەوە, کە لە ئایندەدا بەشێوەیەکى فەرمى مۆڵەتى کارکردن لە وەزارەتەکەمان وەردەگرن.