Nov 2016

ڕاگه‌یاندراوی وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا له‌باره‌ى زانكۆكانى (حه‌دبا، نور، قه‌ڵه‌م، كتاب)

logoy wezaret.jpg

 وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌باره‌ى زانكۆكانى (حه‌دبا، نور، قه‌ڵه‌م, كتاب و...هتد) جه‌خت له‌سه‌ر هه‌مان نوسراو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێكه‌وتى (6/4/2015) به‌رزى كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و كار به‌هیچ نوسراوێكى دیكه‌ ناكات كه‌ پێشتر له‌باره‌ى ئه‌و زانكۆیانه‌وه‌ ده‌ركرا بێت.

سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵه‌ى كه‌ له‌ چه‌ند سایتێك به‌پشت به‌ستن به‌نوسراوێكى وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌ ڕێكه‌وتى (2/9/2013) ده‌رچوه‌و تایبه‌ته‌ به‌ (كۆلێژى زانكۆى نور)، عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى ڕایده‌گه‌ێنیت كه‌ مامه‌ڵه‌كردنى وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و زانكۆیه‌ هه‌مان مامه‌ڵه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ زانكۆكانى (قه‌ڵه‌م, حه‌دبا و كتاب) و له‌ نوسراوه‌كه‌شماندا بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ڕونمان كردۆته‌وه‌.

عه‌باس ئه‌كره‌م رونیشیکردەوە وه‌ك له‌و نوسراوه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ماندا كه‌ به‌ژماره‌ (6831) له‌ ڕێكه‌وتى (6/4/2015) ده‌رچوه‌، له‌ پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ى كواڵیتى خوێندن وه‌زاره‌ته‌كه‌مان هه‌نگاوى جدى ناوه‌ بۆ چاكسازى له‌ زانكۆ تایبه‌تیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تا بتوانن كادرى ئاستبه‌رز و به‌توانا  بۆ بازارى كار ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ى  ژمارەیەك زانكۆ لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە رەزامەندی حكومەتی عیراقی فیدراڵ كرانەوە وەك كۆلێژە زانكۆییەكانی (حدبا، نور، قەلەم، كتاب، ....هتد )، تێبینی دەكرێت شێوازی دەوامكردن لەو زانكۆیانە بەگوێرەی پێویست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، پێوەری وەرگرتن زۆر نزمترە بەراورد لەگەڵ پێوەری وەرگرتن لە زانكۆ تایبەتیەكانی هەرێمی کوردستان.

   بۆیە لەپێناو چاکسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتی خوێندن ئەو نووسراوەمان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، بۆ ئەوەی ئیمتیازاتی بڕوانامە نەدرێت بەو کەسانەی کە لە دامودازگاکانی حکومەت دادەمەزرێن بە بڕوانامەی ئەو زانکۆیانەی ئاماژەمان بۆکردوون.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى دەڵێت له‌ ڕاستیدا ئەو زانكۆیانە بونەتە بەربەست لە چاكسازی لە زانكۆ تایبەتییەكانی هەرێمی کوردستان و، وایانكردوە نەتوانین هەنگاوی جدییتر بنێین لە پرۆسەی چاكسازی و بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن لە زانكۆ تایبەتییەكانی هەرێمی کوردستان.

لەبەر ئەوەی ئەو كۆلێژە زانكۆییانە بە هەمان شێوەی سیاسەتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراقی فیدراڵ، دان بە زانكۆ تایبەتییەكانی هەرێمدا نانێن، ئێمەش هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا ناكەین و كارئاسانییان بۆ ناكەین و هانی دەرچوانی ئامادەییەكانی هەرێمیش نادەین لەو كۆلێژانە بخوێنن.

هه‌ر بۆیه‌ و وه‌ك نووسراوەكەماندا هاتوه‌ داوامان لە ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان كردوه‌ گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حكومییەكان بکات، كە هەر خوێندكارێك لەو كۆلێژە زانكۆییانەی ئاماژەیان پێكردوە دەربچن، ئیمتیازاتی دەرچوان لە هەرێمی کوردستانیان پێنەدرێت.