Nov 2016

چەند بڕیارێكی گرنگ لە كۆبوونەوەی وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری پەروەردە

newsitem-1773-12.08.2014-ku.jpg

لە كۆبونەوەیەكدا، كە لە نێوان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و د.پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە بەڕێوەچو بڕیاردرا لیژنەیەكی باڵای هەمیشەیی لە نێوان هەردوو وەزارەت پێكبهێنرێت. هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا بە یەكەوە كار بكەن بۆ پێشخستنی كایەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە كوردستان بەشێوەیەك ئەو كارانە بخەنە نێو پلانی ستراتیژی عێراق و هەرێم  بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا. جگە لەوانەش وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەیی دەربڕیی لەسەر داخوازییەكی وەزارەتی پەروەردە، كە تایبەت بوو بە مەشقپێكردنی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی زانكۆ و پەیمانگاكانەوە خولی مەشق و ڕاهێنان بۆ مامۆستایانی پەروەدە بكاتەوە.

      ئەو كۆبونەوەیەی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە، كە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكەوتی 11/8/2014 لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی هەردوو وەزارەت ئامادەیبون گفتوگویەكی چڕ لەبارەی بابەتە پەیوەندارەو هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا كرا.
لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا د.یوسف گۆران ئاماژەی بەوە كرد، كە هەردوو وەزارەت پەیوەندییەكی بەهێزو فرەلایەن بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە، بۆیە دەتوانن ‌بەسەر گرفتەكان زاڵ بن، وتیشی "پێویستە لیژنەیەكی باڵای هەمیشەیی لەنێوان هەردوو وەزارەت دروست بكرێت و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم-یش كار بكات". هەر لە قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە بەرنامەی وەزارەت كرد،بەتایبەت زمان، بۆ ئەوەش نیازی وەزارەتەكەی ئاشكرا كرد كە دەیانەوێت زمانی دووەم لە زانكۆكان پەرە بێدەن، بۆ ئەوەش وتی: " وەزارەتی پەروەردە دەتوانێت ئاسانكارییەكی زۆر بكات، قوتابی و خوێندكار بەبنەمایەكی باشی زمانی ئینگلیزی پەروەردە بكاتەو ڕەوانی زانكۆكانی بكات، بۆ ئەوەی كاتێك كە خوێندكار دێتە زانكۆ، توانای ئەوەی هەبێت زمانەكەی پەرە پێبدات".
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا هەردولا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كاری جدی بكەن، تا پێشخستنی پرۆگرامەكانی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بە شێوەیەكی هەماهەنگ، بخەنە ناو پلانی ستراتیژی پەروەدە و خوێندنی باڵا لە عێراق و هەرێم، كە ستراتیژیەتێكی حكومەتی ناوەندە و تایبەتە بە كەرتی خوێندن و بودجەی تایبەتی بۆ دانراوە‌. لەو بارەیەوەش هەریەك لە د.یوسف گۆران و د.پشتیوان سادق، ئامادەییان دەربڕی ئەو بابەتە لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ بكرێت و دواتر ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، لەهەمان كاتدا لەگەڵ حكومەتی بەغدادیش پەیوەندی ببەسترێت بۆ ئەوەی پلانەكە كارا بكرێ.
لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گرفتەكانی خوێندنی كەرتی پەروەدە و خوێندنی باڵا-ی لەشاری كەركوك باسكرد، بۆ ئەوەش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە پێویستە  لەشاری كەركوك گرنگی زیاتر بە خوێندنی كوردی بدرێت ، ئەوەشی ڕاگەیاند: بۆ خوێندكارانی كەركوك پێویستمان بە بڕیاری خێرا و میكانزمێكی خێرایە بۆ ئەوەی بتوانین‌ ئاسانكاری بۆ دەرچووانی قۆناغی ئامادەیی بكەین، تا لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێن و بتوانن درێژە بەخوێندن بدەن.