Nov 2016

راگەیاندنێک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستییەوە دەربارەى چاکردنى بارى خوێندکارانى خوێندنى باڵا لە دەرەوەى وڵات

لە چوارچێوەى پرۆگرامى تواناسازى مرۆیى لە بوارى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، بڕیاردرا کێشەى خوێندکارانى دکتۆرا وماستەر لە دەرەوەى وڵات چارەسەر بکرێت.
 ماوەیەکە ژمارەیەک لەو خوێندکارانە ڕوو بە ڕووى هەندێ کێشەى دارایى بوونەتەوە، کە کاریگەرى نەرێنى لەسەر پرۆسەى خوێندنەکەیان هەیە، ئەمەش مایەى نیگەرانیى ئەوان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و حکومەتى هەرێمى کوردستان بووە، بۆیە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران لەسەر پێشنیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانى دا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
بە پێى فەرمانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەرماڵەى خوێندکارانى ماستەر ودکتۆرا لە وڵاتانى گروپى ((A)) لە (900)دۆلارەوە کراوە بە ( 1500)دۆلار، بۆ خوێندکارانى وڵاتانى گروپى ((B))یش دەرماڵە لە (500)دۆلارەوە کرا بە(900)دۆلار لەگەڵ مووچەکەى خۆیان دا.
ئەوەى دەبێ لێرە ئاماژەى پێ بکرێ ئەوەیە کە ئەم فەرمانە لە ڕۆژى دەرچوونیەوە واتە(4/5/2010) جێ بە جێ دەکرێت.
هەروەها فەرمانەکە تەنها ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکى رەسمى لە ڕێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیەوە نێردراونەتە دەرەوەى وڵات و دۆسێیان لە وەزارەت بۆ کراوەتەوە.
بەم بۆنەیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرۆفیسۆر دلاوەر عبدالعزیز علاءالدین کە  لە نزیکەوە هەستى بە کێشەی ئەو خوێندکارانە کردووە و هەوڵى زۆرى دا تا کێشەکە چارەسەر کرا،
 هیواى سەرکەوتن بۆ ئەو خوێندکارانە دەخوازێ و داواکارە لە کاتى خۆیدا خوێندنەکەیان تەواو بکەن و بگەڕێنەوە بۆ وڵات بۆ ئەوەى بەشدارى لە بونیاتنانەوەى دا بکەن.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى4/5/2010