Nov 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەددین کۆدەبێتەوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایانى زانکۆ بە پلەى پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆرانى یاریدەدەر لە زانکۆى سەڵاحەددین ڕایگەیاند "سیاسەتى ئایندەى وەزارەت، باش کردنى جۆرایەتى پڕۆسەى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى فێربوون و بڕوانامەکانە لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان".

بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشى خوێندن و خوێندنى باڵا، ڕۆژى شەممە 20/2/2010 لە هۆڵى ڕۆشنبیرى و کولتوورى زانکۆى سەڵاحەددین پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەبوونى د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و ڕاوێژکاران، کۆبوونەوەیەکى فراوانى لەگەڵ مامۆستایانى زانکۆ بە پلەى پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆرانى یاریدەدەر لە زانکۆى سەڵاحەددین ساز کرد.

سەرەتا لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕۆڵى  پڕۆفیسۆر و پێشڕەوانى ئەکادیمى لە ڕابردوو و ئێستادا بەرزنرخاند، کە چۆن سەرەڕاى گرفت و ئەو نەهامەتییانەى لە سەردەمە جۆربەجۆرەکاندا ئامادەیی لەئەستۆگرتنى قوڕسترین باریان پیشانداوە، بە ئامانجى پێگەیاندنى ڕۆڵە و نەوەکانى ئایندەى گەلى کورد و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕى کار و وەبەرهێنان.

دواتر هەر لە کاتى کۆبوونەوەکەدا ڕووناکى خرایەسەر ڕوانگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا، دەربارەى ئازادى ئەکادیمى و کارگێڕى زانکۆ و دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا و شۆڕکردنەوە و دابەشکردنى دەسەڵاتەکان بۆ کۆلێج و بەشە زانستییەکان، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند پلانى وەزارەت بریتییە لە دەستەبەرکردنى لامەرکەزى ئیدارى بۆ ئەم مەبەستەش هەموو لایەکمان کاردەکەین لەپڕۆسەیەکى دیموکراتیدا ئەم ئەرکە بەئەنجام بگەیەنین.

تەوەرێکى ترى باسەکان بریتی بوو لە تاوتوێکردنى بەرنامەى دڵنیایى جۆرى و بەڕێزیان جەختى کردەوە کە تەرکیزى بەرنامە و سیاسەتى ئایندەى وەزارەت، بریتییە لە باش کردنى جۆرایەتى پڕۆسەى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى فێربوون و بڕوانامەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، هەر بۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵا پلانى دڵنیایى جۆرى ئامادەکردووە بەووردى چاودێرى جێبەجێکردنى دەکات و ئەنجامدانى ئەم پڕۆسەیەش پێویستى بەکات و هەماهەنگى تەواوى پڕۆفیسۆران و مامۆستایان و قوتابییە خوێندکارەکان و فەرمانبەران هەیە.

هەروەها دەربارەى ڕوانگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەربەخۆکردنى زانکۆ و پەیمانگاکان و دارشتنەوەى سەرلەبەرى هەیکەلى وەزارەت و زانکۆکان بە مەنتقێکى جیهانى و ڕەچاوکردنێکى کولتورى کوردی، وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى کرد بە ئالیەتێکى کارگێڕى تازە و هاوئاهەنگى هەموولایەک بەمەبەستى هەڵوەشاندنەوەى ئەو هەیکەلیەتە هەڕمییە کۆنە، کە تاکو ئێستا لە زانکۆکانى پیادە دەکرێن.

دواى ئەم وتانەى وەزیر پڕۆفیسۆرانى یاریدەدەر و پڕۆفیسۆران ڕاپۆرتى پێداویستى خۆیان خوێندەوە و ئاریشە و گرفتەکانیان بەشێوەیەکى سەر زارەکى خستەڕوو، لە گرنگترینیان گرفتى گەندەڵى ئەکادیمى و نزمى ئاستى توێژینەوەى زانستى و دەستوەردانى حزب و گرفتى سیستمى خوێندن بوو ، لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وەڵامى ئەو گرفت و پێداویستى و داواکاریانە جەختى کردەوە کە کێشە و گرفتەکانى زانکۆى سەڵاحەددین لەشوێنى خۆیەتى و زۆر لەوە زۆرترن کە ئاماژەى پێدەکەن، هەروەها وەزیرى خوێندنى باڵا بە ئامادەبووانى ڕاگەیاند ئەوەى کە ئێستا باسى دەکەن وەزارەت میکانیزم و پلانى بۆ ئامادەکردووە کە لە هاوینى داهاتوو ڕەنگە دست بە جێبەجێکردنى بکرێت"، هەروەها ئەوەشى گوت"ئەم بەرنامەیە لەبەر ڕۆشنایى ئەو هەوڵانە جێبەجێ دەکرێن کە دەتوانین ستافێکى بەرفراوانى کار و پشتیوانى بۆ دروست بکەین، بۆ ئەمەش هەوڵى زۆر دەدەین بۆ ئەوەى بتوانین بەدواداچوون بۆ زۆرترین پێشنیاز و کێشەکانتانی تر بکەین.