وەزیری خوێندنی باڵا: تاقیگە زانستییەکانی زانکۆکان و سێنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی دەخرێنە خزمەتی ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کورۆنا

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ سلێمانی

بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى ژورى عەمەلیاتى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ڕوبەڕوبونەوەى کورۆنا لەسەر ئاستى پارێزگاى سلێمانى بەبەشدارى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاگرى کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچو و چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکرا.

ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (١/٣/٢٠٢٠) لەسەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى بەسەرپەرشتى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەبونی سەرۆک زانکۆکانى سلێمانى، پۆلیتەکنیکى سلێمانى، ڕاپەڕین، چەرمو، و سەرۆکى دەستەى کوردستانى بۆ لێکۆڵینەوەى زانستى و دیراساتى ستراتیژى و ڕاگرى سەرجەم کۆلێجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەکان، کۆبونەوەى ژورى عەمەلیاتى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى پارێزگاى سلێمانى بۆ ڕوبەڕوبونەوەى پەتای کورۆنا بەڕێوەچو.

لەو کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەئکیدى کردەوە هەمو توانا مرۆییەکان و ژێرخانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە خزمەتى هەڵمەتەکانى ڕوبەڕوبونەوەى کورۆنا دەبێت و بەکاردەهێنرێن بۆ پستیوانیکردنی وەزارەتى تەندروستى.

تیمەکانى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى پارێزگاى سلێمانى بەسەرپەرشتى ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى گشتی  و ئەندامێتی ڕاگرانی سەرجەم کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و کۆلێجی زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، هەروەها چەندین تیمى لاوەکیش تایبەت بە هۆشیارى تەندروستى و خۆپاراستن و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەى پەتاى کورۆنا پێکدەهێنرێت و تیمى تایبەت بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و ڕاوێژی زانستی و توێژینەوەى زانستى پێکدەهێنرێت و هەمو تیمەکانیش بە بەردەوامى هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکان و بەڕێوەبەرێتى گشتى تەندروستى پارێزگاى سلێمانى دەکەن.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى کورۆنا چەند بڕیارێکى گرنگ دران:

 

  1.  هەموو ئامێرەکانی (Real-Time PCR) کە لە زانکۆکان و سێنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستەبەرن تەرخان دەکرێن بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە پێی پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تاقیگەی ستاندارد ئامادە دەکات و ئامێرو پێداویستییەکانیش لەو تاقیگەیە دادەنرێن و لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆکانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بەڕێوە دەبرێن.
  2. بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى کیتى پێویستى بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکە دابیندەکرێت.
  3.  وەزارەتی خوێندنی باڵا سیستمی (GIS)  دادەمەزرێنێت بۆ مەبەستی چاودیریکردن و تۆمارکردنی زانستیانەی هەموو داتاکان و سودلێوەرگرتنی بۆ خۆپاراستن و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
  4. ڕاهێنانى مامۆستایان و تیمە خۆبەخشەکانی زانکۆکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى کورۆنا دەستپێدەکات، ڕاهێنانەکان هەموو  بوارەکانى هۆشیارى تەندروستى و پارێزگارى کردن لە بڵاوبونەوە و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکە دەگرێتەوە.
  5. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باڵاخانەی گونجاو دابین دەکات بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا دامودەزگاکانی وەزارەتی تەندروستی سودیان لێ وەربگرن.
  6. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی دارایی بۆ توێژنەوە زانستییەکانی تایبەت بەم نەخۆشییە تەرخان دەکات.

 

جێگەى ئاماژەیە تیمى سەرەکی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی هەماهەنگى تەواو لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی گستی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەکات و ڕاپۆرتى بەردەوامیش دەدات بە ژورى عەمەلیاتى سەرەکى لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.