وەزارەتى خوێندنى باڵا لەبارەى نوسراوێکى ساختە رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

Runkrdnewe

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەر بڵاوبونەوەی نوسراوێکى ساختە بەناوى وەزارەت لەبارەى کرێى بەشە ناوخۆییەکان ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت نوسراوى لەم شێوەیە لە وەزارەت دەرنەچوەو نوسراوەکە تەزویر کراوە.

 

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بە بڵاوبونەوەى نوسراوێکى ساختە بەناوى وەزارەت لە چەند پەیج و وێبسایتێک ڕونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بەداخەوە چەند کەسێکى نەفس نزم و گێرەشیێوین بەمەبەستی پشێوی نانەوە و تێکدانی پرۆسەی خوێندن لەم سەرەتای ساڵی خوێندنە نوسراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان تەزویرکردوە کە باس لە کرێى بەشە ناوخۆییەکان دەکات، بۆیە وەک وەزارەتەکەمان ڕایدەگەیەنین نوسراوى لەم شێوەیە لە وەزارەت دەرنەچوەو، ژمارەو ڕێکەوتى ئەم نوسراوە ساختە کراوە، کە تایبەتە بەنوسراوێکى دیکەى وەزارەتەکەمان بۆیە ئەم نوسراوەى بڵاوکراوەتەوە تەزویرە، چونکە دواى بەدواداچون ئەم ڕاستیانەمان بۆ دەرکەوت:

  1. ژمارەى سەر نوسراو ساختەیە، چونکە تائێستا ژمارەى نوسراوەکانى وەزارەت نەگەیشتۆتە (٢٠٧١٧) وەک لەسەر نوسراوەکە هەیە، بەڵکو لە ڕێکەوتى (٢٧/٩/٢٠١٧) ژمارەى نوسراوەکانمان بریتی بوە لە (١٢٨٩٠).
  2. ڕێکەوتى نوسراو: لەو ڕێکەوتەدا هیچ نوسراوێک بەو ژمارە لە وەزارەت دەرنەچووە بەڵکو بە هەڕەمەکى ڕێکەوتەکە نوسراوە.
  3. ڕێکەوتى (زاینى) و (کوردى) سەر نوسراوەکە یەک ناگرێتەوە، واتە (٢٧/٩/٢٠١٧) زاینى بەرامبەر ڕێکەوتى (٧/٨/٢٧١٧) کوردى نیە، وەک لە نوسراوەکە ئاماژەى بۆ کراوە، بەڵکو (٢٧/٩/٢٠١٧)ى زاینى بەرامبەر (٧/٧/٢٧١٧)ى کوردییە.
  4. فۆنتى نوسینى سەر نوسراوە تەواو جیاوازە لە فۆنتەکانى دیکەى سەر نوسراو.
  5. دەقى نوسینەکە بە ڕونى دیارە بە بەرنامەى (فۆتۆ شۆپ) خراوەتە سەر نوسراوەکە و دانراوە.
  6. ئەو مۆرەى لەسەر نوسراوەکەدایە ساختەیە، ئەو مۆرە لەساڵى (٢٠١٥) لە وەزارەت بەکارهاتوە، دواى ئەو مۆرە دووجارى دیکە مۆر گۆڕدراوە.

دەرەنجام: ژمارەو ڕێکەوتى نوسراو لەوەزارەت بونى نیە، بۆیە جگە لەوەى ناوەرۆکى نوسراوەکە تەواو تەزویر و ساختەیە، لەهەمان کاتیشدا ژمارەو ڕێکەوتى سەر نوسراوەکەش بە هەڕەمەکى دانراوەو بەهەمان شێوە ساختەیە، تەنها سود لە کلێشەى نوسراوەکە وەرگیراوە بۆ نوسینى (ناوەرۆک + ژمارە + ڕێکەوت+ مۆر)ى نوسراوە ساختەکە.

عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند وەزارەتەكەمان بەدواداچونی ورد ئەنجام دەدات و ڕێوشوێنى ئیداری و یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتە بەر کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە.