وتەبێژى خوێندنی باڵا: ماوەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا درێژكرايەوە

master do ph

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى خوازیارانی خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا دەکات، کە ماوەى پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمسته‌ری هاوینە درێژکرایەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خوازیاران، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا بۆ ماوەى یەک هەفتە پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا  لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژبکاتەوە، واتە تا کۆتایی دەوامى رەسمى ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى (11-5-2017) پرۆسەى پێشکەشکردن بەردەوام دەبێت.

لەبارەى وادەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر بۆ ماوەى (١) یەک هەفتە دوادەخرێت، واتە لە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (21-5-2017) سەعات (10)ى بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت، بەهەمان شێوە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ دکتۆرا بۆ ماوەى (١) یەک هەفتە دوادەخرێت، واتە لە ڕۆژى دوشەممە ڕێکەوتى (22-5-2017) سەعات (10) ى بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتيشى: دەستپێکى دەوامى ئەکادیمی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ سیسمتەرى هاوینەى ساڵى (2016-2017) وەکو خۆى دەمینێتەوە واتە لە سەرەتاى مانگى (7/تەموز) دەستپێدەکات.

سەبارەت بە پێدانى مۆڵەتى خوێندن لەلایەن وەزارەتەکانەوە، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد: کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە نوسراوى ڕەسمى داواى لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردوە گشتاندنێک بۆ سەرجەم  وەزارەتەکان بکات بۆ پێدانى لارینەبون بۆ پێدانى مۆڵەتى خوێندن لە ناوەوەى هەرێم لەلایەن وەزارەتەکان بەپێى پلان و پێویستى خۆیان، تا ئەوکاتەى پەیڕەوى تایبەت  بەمۆڵەتى خوێندن لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەردەچێ.