لە وەزارەتى خوێندنى باڵا چالاکیەک بۆ ڕۆژى جیهانى نەخۆشى شەکرە بەڕێوەچوو

IMG_1289.JPG

 لە ڕۆژى جیهانى نەخۆشى شەکرە، پشکنینى پزیشکى بۆ سەرجەم فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا.

بەئامانجى پاراستنى گیانى فەرمانبەران و، دانانى ڕێگەى چارەى تەندروست بۆ پاراستن و چارەسەرکردنى توشبوان بەنەخۆشى شەکرە، ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (١٢/١١/٢٠١٥) لە ڕۆژى جیهانى نەخۆشى شەکرە، تیمیکى تەندروستى لە سێنتەرى ڕاوێژکارى لیلى قاسم بۆ نەخۆشى شەکرە لە شارى هەولێر، سەردانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کرد و، پشکنینى پزیشکیان بۆ سەرجەم فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخۆڕایى ئەنجامدا.

لەو چالاکیاندا ئەو تیمەى سێنتەرى ڕاوێژکارى لیلى قاسم بۆ نەخۆشى شەکرە، جگە لە پشکنینى فەرمانبەران، لەهەمان کاتدا ڕێنماییان پێشکەش بەفەرمانبەران کرد بۆ چۆنیەتى خۆپاراستن لە توشبون بەو نەخۆشیە، لەهەمان کاتدا ئەو فەرمانبەرانەشى کە لە ئەنجامى دەرکەوتنى ئەو پشکنینە دەرکەوت نەخۆشى شەکرەیان هەیە، فۆرمى تایبەتیان پێشکەشکرا بۆ ئەوەى سەردانى سێنتەرەکە بکەن تا بەشێوەیەکى خۆڕایى و بەردەوام چارەسەریان بۆ بکرێت.

(١٤/١١)ى هەموو ساڵێک بە ڕۆژى جیهانى نەخۆشى شەکرە ناسراوە، دیاریکردنى ئەو ڕۆژەش لەلایەن یەکێتیى نێودەوڵەتى بۆ نەخۆشى شەکرەو ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵیادى لە دایکبونى (فردریک بانتین) لە ساڵى (١٩٢٢) ئەنسۆلینى چارسەرى نەخۆشى شەکرەى دۆزییەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکى زۆرى ئەوانەى کە دوچارى ئەو نەخۆشیە بون بەردەوامیان بەژیاندا.

ئامانج لە دیاریکردنى ئەو ڕۆژەش بۆ نەخۆشى شەکرە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى بۆ چۆنییەتى خۆپاراستن لە نەخۆشى شەکرە و پێشکەشکردنى چارەسەرى پێویست بۆ ئەوانەى کە دوچارى ئەو نەخۆشیە بون.

ڕۆژى جیهانى شەکرە لە ساڵى (٢٠١٥) بەدروشمى (شەکەرەو خواردنى تەندروست) لەسەرانسەرى دنیا بەڕێوەدەچێت، ئامانج لەو کارەش خۆپاراستنە لە دوچاربون بەو نەخۆشیە، بەپەیڕەوکردنى سیستەمێکى خۆراکى تەندروست و، ئەنجامدانى چالاکى جەستەیى ڕێک و، پاراستنى کێش بە شێوەیەکى سروشتى.

شەکرە نەخۆشییەکى فیسیۆلۆجییە, واتە بەهۆى میکرۆبەوە مرۆڤ دوچارى نابێت, بەڵکو بەهۆى گۆڕانکارى ئەندامى پەنکریاس و قەبارەى ئاوگەى ( ئەنسۆلین )ەوە مرۆڤ دوچارى دەبێت، ئامارە جیهانیەکان ئەوە دەخەنەڕوو تێکڕایى بڵاوبونەوەى نەخۆشى شەکرە لە نێو ئەوانەى کە تەمەنیان (١٨) ساڵ بەرەو سەرەوەیە ڕێژەکەى گەیشتۆتە (٩%)، هەروەک دەرکەوتوە ڕێژەى (٨٠%) مردوان بەنەخۆشى شەکرە لەو وڵاتانەیە کە داهاتیان نزمە یاخود لە ئاستى مامناوەند دایە، وەک لە ئامارە جیهانیەکاندا هاتوە لە ساڵى (٢٠١٢) نەخۆشى شەکرە هۆکارى سەرەکى مردنى (١،٥) ملیۆن حاڵەت بوە، ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى پیشبینی دەکات لە ساڵى (٢٠٣٠) نەخۆشى شەکرە ببێتە حەوتەم هۆکارى مردن لەسەر ئاستى جیهان، بۆیە گونجاوی ژەمە خۆراکەکان و ئەنجامدانی وەرزش لای ھاووڵاتیان دەبێتە هۆکارێکى سەرەکی بۆ دورکەوتنەوە لەو نەخۆشیە.