Nov 2016

د: یوسف گۆران: وەک هەنگاوى یەکەم بەشێک لە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان دەگۆڕین

IMG_0011.JPG

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: لە پێناو ڕەچاوکردنى حەزو ئارەزوى خوێندکاران و جێبەجێکردنى سیستمى نوێى جیهانى بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان، سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران گۆڕانکارى بەسەر دێنین، ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشوازیکرد لە د.لۆرا مەیسن ڕێکخەرى گشتى کاروبارەکانى ڕێکخراوى ئایرێکس لە ئێراق هات.

لە دیدارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٨/٥/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.جوان جەلال شەریف بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگیڕى و دارایى بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى دۆخى خوێندنى باڵا و کاروچالاکیەکانى ڕێکخراوى ئایرێکس لە کوردستان کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتاى دیدارەکەدا خاتوو لۆرا مەیسن کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکیەکى ڕێکخراوەکەیان کە لە بوارە جیاکانى خوێندنى باڵا لە ماوەى ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) لە ژمارەیەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامیانداوە پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەروەک ئاماژەى بەو بەربەست و ئاستەنگانە کرد کە هاتونەتە پێشیان لە ئەنجامدانى کارەکانیان، لە هەمان کاتدا تیشکى خستەسەر کاروپلان و بەرنامەکانى بۆ ساڵى داهاتوو.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى دەستخۆشى لەو کاروچالاکیانە کرد کە لە ماوەى ساڵى ڕابردو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامیانداوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: لە پێناو خزمەتکردنى زیاتر بەخوێندکاران و ڕەچاوکردنى حەزو ئارەزوەکانیان بۆ خوێندن کە وەک هەنگاوى یەکەم وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریداوە گۆڕانکارى لە بەشێک لە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بکات و، کۆبونەوەى داهاتوى ئەنجومەنى وەزارتیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکرێت، لەو چوارچیوەشدا د.یوسف گۆران داواى لە وەفدى میوان کرد لە جێبەجێکردنى سیستمى نوێى ناوەندى وەرگرتن هاوکارییان بکەن. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى لە وەفدى میوان کرد کە لە کاروچالاکیکانیان لە بوارى خوێندنى باڵادا زیاتر لە بوارى خوێندنى پیشەیى و زمانى ئینگلیزیدا هاریکارى وەزارەت بکەن.

بۆ ئەوەش ڕێکخەرى گشتى کاروبارەکانى ڕێکخراوى ئایرێکس لە ئێراق بەڵێنیدا کە بۆ گۆڕینى سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران هاریکارى وەزارەت بکەن، سەبارەت بەخوێندنى پیشەیى و زمانى ئینگلزیش ئەوەى ڕاگەیاند: دواى دیراسەکردنى داواکارییەکان بەشێوەیەکى ڕەسمى وەڵامى وەزارەت دەدەنەوە.