د.یوسف گۆران: وەزارەتى خوێندنى باڵا پڕۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنى موچە پێشکەش بەحکومەت دەکات

шьфпу

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: بۆ چارەسەرکردنى کێشەى موچە لە هەرێمى کوردستان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی پڕۆژەیەک پێشکەش بەسەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى  سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى ئاسایی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هات، کە ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان بەڕێوەچوو.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا, د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە ڕۆژانى داهاتودا وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەسەرۆکایەتى د.حسێن سالار بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و ئەندامێتى ژمارەیەکى زۆرى زانکۆ بەناوبانگەکانى ئەو وڵاتە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن و, ڕێکەوتنمایەکى لێکگەیشتن لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئیمزا دەکەن, لەهەمان کاتدا سەردانى زانکۆکان دەکەن و پێشانگەیەکى تایبەتیش دەکەنەوە, وتیشى ئەوە دەرفەتێکى گرنگە بۆ زانکۆکان بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانیان لە بوارى زانستى و ئەکادیمیدا لەگەڵ وەفدى میوان دروست و پتەوبکەن به‌ ئامانجى گەشەپێدانى زیاترى خوێندنى باڵا لە کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا خاوه‌ن توانای فكری و پسپۆڕی زۆره‌، مامۆستایانی زانكۆ كه‌ كه‌سانی ئه‌كادیمین ده‌توانن ڕۆڵ بگێڕن له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان كه‌ ڕوبه‌ڕوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ده‌بێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ بۆ چارەسەرکردنى گرفتی موچە لە هەرێمى کوردستان, به‌ڕێوه‌به‌ری فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لە دیوانى وەزارەت ڕاسپیردرا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕاویژ له‌گه‌ڵ كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕی بواره‌كه‌ له‌ زانكۆكان پڕۆژەیەک ئامادە بكه‌ن و , له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بەناوى ئەنجومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیەوە پێشکەش بەسەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەى موچە لە هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: خوێندکاران و قوتابیان یاداشتێکیان پێشکەش بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردوە بۆ ئەوەى خوێندن لە زانکۆکان دەست پێ بکەنەوەو ساڵێکى خوێندنیان بەفیڕۆ نەڕوات، به‌تایبه‌ت به‌شی زۆری خوێندكاران كوڕ و كچی خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌تن، كه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانن ساڵێكی زیاتر ئه‌ركی خوێندنیان له‌ ئه‌ستۆ بگرن، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێت هەموو هەوڵێکى خۆمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەى ئەمساڵى خوێندن بەسەرکەوتووى تەواو بکەین، بەڵام ئەگەر پڕۆسەکە بەو شێوەیەیی ئێستا بڕوات ئه‌گه‌ری دواخستنی خوێندن بۆ ساڵێکى دیکە دێته‌ پێشه‌وه‌، ئەوەش خراپ لەسەر ناو ناوبانگى زانکۆ دەکەوێت.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا تاوتوێ چۆنیەتى ڕێکخستنەوەى پەیکەرى کارگێڕى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا کرا, بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران لێژنەیەک بۆ پێداچونەوە بەهەیکەلى کارگێڕى دامەزراوەکانى حکومەت و میلاکى فەرمانگەکان پێکهاتووە، بۆ ئەوەش داواى لە سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانى ئەنجومەن کرد لە ماوەیەکى دیاریکراودا پێشنیازەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەى پەیکەرى کارگێڕى و زیاد و کەمى میلاکى زانکۆکانیان بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەى بتوانن بەکەمترین خەرجى زۆرترین خزمەت پێشکەش بکەن, هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی وه‌زاره‌ت بڕیاری پێکهێنانى لێژنەیەکى بۆ ئەو مەبەستە دا، تا لە ماوەى دوو هەفتەدا کارەکانیان تەواو بکەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا گه‌ڕانه‌وه‌ی سەرجەم خوێندکارە تەرقین قەیدکراوەکانی خوێندنی به‌رایی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) بەشێوەى سیستمى پارالێڵ له‌ زانکۆ حکومیەکان درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن, بۆ زانکۆ تایبەتەکانیش بەهەمان ڕێنمایى دارایى کە لە زانکۆ تایبەتەکان پەیڕەو دەکرێت خوێندکارە تەرقین قەیدکراوەکان بگه‌ڕێنه‌وه‌ پۆله‌كانی خۆیان, بەڵام ئەو بڕیارەى ئەنجومەنی وه‌زاره‌ت ئەو خوێندکارانە ناگرێتەوە کە بەهۆى قۆپیە یان بەبریارى لێژنەى ڕێکارى قوتابیان/ خوێندکاران تەرقین قەید کراون.

هەروەک کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەت بریاریدا هەر خوێندکارێکى خوێندنى باڵا دواى ته‌واوبونی ماوه‌ی یاسایی داواى درێژکردنەوەى ماوەى خوێندنەکەى بکات, خوێندنەکەى بۆ دەکرێتە سیستمى پارالێڵ.

کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت بەدەرکردن و پەسندکردنى چەند بڕیارو ڕێنماییەکى دیکە کۆتایى پێهات.