د.یوسف گۆران: هەموو لایەنە پەیوەندارەکان بەشدارن لە داڕشتنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندنى یاسا

yasa1111.jpg

 بەئامانجى دانانى پڕۆگرامەکانى قۆناغى یەکەمى بەشەکانى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان, بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و, بەئامادەبونى د.ئیبراهیم سمۆ و, د. ڕێواز فایەق سەرۆکى و بڕیاردەرى لیژنەى پەروەردەو خویندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان و، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان، لێژنەى داڕشتنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندنى بەشەکانى یاسا کۆبوەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ڕۆژى دووشەممە, ڕێکەوتى (٥/١٠/٢٠١٥) لە دیوانى  وەزارەت بەڕێوەچوو، لەسەرەتا د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: بەئامانجى بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و بەستنەوەیان بەشوینى کارو بازار و گونجاندنیان لەگەڵ بەرەوپێشچونەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان بڕیارمانداوە بەسەرجەم پڕۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکاندا بچینەوە، لەو کارەشماندا پرس و ڕاوێژ بە لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین، وەک چۆن لە گوڕینى پرۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى یاسا کە ماوەى چەند مانگێکە دەستمان پێکردوە, نوێنەرى سەندیکاى پارێزەران و یەکێتى مافپەروەران و ئەنجومەنى دادوەرى بەشداریان پێکراوەو پێشنیازەکانیان بەهەند وەرگیراون.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەو گۆڕانکاریانە گۆڕانکارى ڕیشەین و تەنیا بریتیە نیە لە درێژکردنەوەى ماوەى خوێندن بۆ پێنچ ساڵ, بەڵکو لایەنى زمان, ڕێژەى دەرچون, پڕۆگرامەکانى خویندن, لایەنى کردارى و کۆمەڵێک لایەنى دیکەش دەگرێتەوە بەتایبەت لە چۆنێتى پراکتیزەکردنى ئەو یاسایانەى کە دەخوێندرێن.

لە کۆتایى قسەکانیشیدا د.یوسف گۆران بە گرنگیەوە باسى لە فێربونى زمان کرد و ڕاگەیاند: بەپێى نوێترین توێژینەوەى ئەکادیمى کە گۆڤارێکى کۆرى بڵاوى کردۆتەوە، بەڕێژەى (٩٥%) ئەو بابەتە ئەکادیمیانەى کە لەسەر ئاستى دنیا بڵاودەکرێنەوە بەزمانى ئینگلیزى بڵاودەکرێنەوە و, (٥%) بەزمانەکانى دیکە بڵاو دەکرێنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەبوانى کۆبونەوەکەى ڕاسپارد گرنگیەکى تەواو بە فێربونى زمانى ئینگلزى بدەن, چونکە فێربونى زمان ڕۆڵێکى کاریگەرى دەبێت لە بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە. هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە دەبێت لە گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خویندنى بەشى یاسا بایەخ بە خوێندنى پێگەى یاسایى کوردستان بدرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.ئیبراهیم سمۆ سەرۆکى لێژنەى پەروەردەو خویندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: وەک پاڕلەمان متمانەى تەواومان بەکارەکانى جەنابى وەزیرو وەزارەت هەیە، بۆیە ئەو کارە گرنگەى ئێوە کردوتانە لە بنەڕەتدا کارى ئێمەیە, هەربۆیە پشتگیریتان دەکەین و دەستخۆشیتان لێ دەکەین, گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن و خویندنى بەشى یاسا بەوەچەرخانێکى گەورەى دادەنێین.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا د.ڕێواز فایەق بڕیاردەرى لێژنەى پەروەردەو خویندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: باشترکردنى کواڵیتى خویندن ئێمە لە لێژنەکەمان لەسەرى ڕێکەوتوین و پشتگیرى هەر کارو پرۆژەیەکى وەزارەت دەکەین, کە بەو ئاڕاستەیە هەنگاو بنێت, گۆرینى پڕۆگرامەکانى خویندن و لەناویشیاندا بابەتى یاسا یەکێکە لە کارە گرنگ و زۆر باشەکان, چونکە بەشى یاسا پەیوەندى بە ڕێکخستنى ژیانى کۆمەلایەتى کۆمەڵگەوە هەیە, بەباشکردنى بەشەکانى یاسا دەتوانین کۆمەڵگەیەکى تەندروستیش بینا بکەین.

لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆبونەوەیەدا د.نەژدەت ئاکرێى کورتەیەکى لەبارەى ئەو گؤرانکاریانە خستەڕوو کە لە بەشەکانى یاسا کردویانەو بڕیارى لەبارەوە دراوە, ڕونیشیکردەوە لەم کۆبونەوەیەى ئەمڕۆشدا پڕۆگرامەکانى خوێندنى قۆناغى یەکەمى بەشى یاسا دادەنیین، چونکە بڕیارى گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خویندن لە ئەمساڵەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا لەلایەن ئامادەبوانەوە چەندین پێشنیاز خرانەڕوو بۆ ئەو بابەتانەى کە لە قۆناغى یەکەم بخوێندرێ، لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا بڕیاردرا لەسەر بنەماى ئەو پێشنیازانەى خرانەڕوو لەماوەى دوو هەفتەدا لەلایەن سەرۆکى بەشەى یاسا لە زانکۆکانى کوردستان پڕۆپۆزەڵى وانەکانى خوێندنى قۆناغى یەکەمى بەشى یاسا ئامادە بکەن تا بڕیارى کۆتایى لەبارەوە بدرێ, هەروەک لە ماوەى (٢) مانگى داهاتودا پڕۆگرامەکانى قۆناغەکانى دیکەش ئامادە بکەن.