روونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

سەبارەت بەو (3) سێ قوتابى و خوێندکارەى پێشووترى زانکۆى جیهان کە لە ماوەى رابردوودا و بە بڕیارێکى گشتى لە کۆلێجى دەرمانسازى سەر بە زانکۆى هەولێرى پزیشکى وەرگیران، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە پێویستى زانى لەبارەى چۆنیەتى وەرگیرانیان، روونکردنەوەیەک بۆ راى گشتى و تەواوى هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان بڵاوبکاتەوە.

  1. ئەم سێ قوتابى و خوێندکارە بەڕێزەى کە لە کۆلێجى دەرمانسازى وەرگیراون، بە هیچ جۆرێک بە وەرگرتنى تایبەت و بڕیاری تاک لایەنانەى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی وەرنەگیراون، بەڵکو بە ئاگادارى خودى سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و بە بڕیارێکى گشتى و بە کۆى دەنگى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە کۆبوونەوەى ژمارە (1) یەکى رێکەوتى 7/9/2010 وەرگیراون.
  2.  لەلایەکى ترەوە بۆ ئەم مەسەلەیە، لێژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پەرلەمانى کوردستان ئاگادار کراوەتەوە، هەروەها لەلایەن خودى فیدراسیۆنى قوتابى و خوێندکارییەکانەوە چەندان جار ئاگادارى وەزارەتى خوێندنى باڵا کراوەتەوە، لەبارەى چارەسەرکردنى کێشەی ئەم خوێندکارانە.

جێگەى باسە، لە بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵادا هاتووە، ئەم (3) سێ خوێندکارەى زانکۆى جیهان کە بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە، مافى ئەوەیان هەیە لە ساڵى خوێندنى 2010_2011 بێنە ناو سیستمى ناوەندى وەرگرتنى قوتابیانەوە، بەڵام بە بێ رەچاوکردنى شوێنى جوگرافی و لە دەرەوەى پلانى وەرگرتن.


راگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى