وەزارەتی تەندروستی - حکومەتی هەرێمی کوردستان

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی به‌رێوه‌بردنی سندوقی هاوكاری نه‌خۆشیه‌كانی شێرپه‌نجه‌


بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی راپۆرتێك كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره‌ (1056) رۆژی پێنج شه‌مه‌ 16/5/2013 به‌ ناونیشانی (چاره‌نووسی ده‌یان ملیار دیناری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ نادیاره‌) ئه‌م روونكردنه‌وه‌ی خواره‌وه‌ راده‌گه‌ێنین بۆ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی و سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.
دوای ئه‌وه‌ی به‌ پێی یاسای ژماره‌ 11ی ساڵی 2012 یاسای سندوقی كۆمه‌ك بۆ تووشبوانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان/عێراق دامه‌زراوه‌، به‌گوێره‌ی هه‌مان یاسا ئه‌نجوومه‌نی به‌رێوه‌بردنی سندووق پێك هات بۆ سه‌رپه‌رشتی كردن وبه‌رێوه‌بردنی كاره‌كانی سندوق و كۆكردنه‌وه‌و به‌كارهێنانی داهاتی سندوقه‌كه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا.

 :یه‌كه‌م
  له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ نه‌خۆشی ته‌لاسیمیا كراوه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ نه‌خۆشیه‌كانی شێرپه‌نجه‌ كه‌ راستیه‌كه‌ی نه‌خۆشی ته‌لاسیمیای نه‌خۆشیه‌كی شێرپه‌نجه‌یی نیه‌ وه‌ بۆ هاوكاری كردنی ئه‌م نه‌خۆشانه‌ش بڕ  20ملیۆن دولاری ئه‌مریكی بۆ نارده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی  سێ سه‌د نه‌خۆشی ته‌لاسیما ته‌رخانكراوه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ سندوقی شێرپه‌نجه‌ و پاره‌ی ته‌رخانكراو به‌ شێرپه‌نجه‌ نیه‌، لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانین ئاماژه‌ی به‌وه‌بكه‌ین كه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكانێكی شاره‌زا له‌ بواری شێرپه‌نجه‌ باسی بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن چونكه‌ تێكه‌ڵاوی و ناحاڵی بوون له‌ كاره‌كان به‌دی ده‌كه‌ین.
 
:دووه‌م 
ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ 10%ی مووچه‌ی پله‌ی تایبه‌تیه‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان ته‌رخانكراوه‌ له‌ مانگی 7ی 2012ـه‌ وه‌ به‌ ژماره‌ی بانكی(361) تایبه‌ت كراوه‌ به‌ وه‌زره‌تی ته‌ندروستی له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش به‌ گوێره‌ی كه‌شفی بانكی تاوه‌كو 27/2/2013 بڕی پاره‌ی كۆكراوه‌ له‌و ژماره‌ بانكی یه‌ (1.098.459.350) دیناره‌ وه‌ به‌پێی رێژه‌ی پارێزگاكان ته‌رخانكراوه‌ بۆ كڕینی ده‌رمانی شێرپه‌نجه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:-
(هه‌ولێر 585.491.362 ، دهۆك 244.630.263 ، سلێمانی 521.337.472) 
كه‌ له‌ 17/3/2013ـه‌وه‌ ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ بۆ كڕینی ده‌رمان له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی له‌ پارێزگاكانه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ وه‌ ره‌صیدی ژماره‌ بانكیه‌كه‌ش  تاوه‌كو 30/4/2013 (1.215.515.035) دیناره‌.
 
 :سێیه‌م
له‌ ئێستادا ژماره‌ی بانكی (374) تایبه‌ت كراوه‌ به‌ سندوقی كۆمه‌كی شێرپه‌نجه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی به‌رێوه‌بردنی سندوقی كاری پێده‌كرێت ته‌نها به‌شێك له‌ پاره‌ی سه‌ر پێچه‌كانی هاتووچۆی هاتۆته‌ سه‌ر به‌ڵام (10)ملیار دیناره‌ ته‌رخانكراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم تاوه‌كو ئێستا نه‌هاتۆته‌ سه‌ر ژماره‌ بانكی سندوق و له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی بودجه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌خرێته‌سه‌ر ژماره‌ بانكب سندوقی شێرپه‌نجه‌ .
10%موچه‌ی تایبه‌ت كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ی بانكی (361) ه‌ و ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ژماره‌ بانكی (374) تایبه‌ت به‌ سندوقی شێرپه‌نجه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌.
وه‌ك خرایه‌ ڕوو چاره‌نووسی ئه‌و پارانه‌ی كه‌ بۆ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ته‌رخانكراون دیارن و هه‌ر پاره‌یه‌ىكیش خه‌رجكرابێت به‌ پوسوله‌و ژماره‌ی بانكی تۆماركراوله‌ لامان هه‌ڵگیراوه‌ بۆ هه‌ركه‌س و لایه‌نێكی په‌یوه‌ندار ده‌توانێت سه‌یریان بكات.
له‌كۆتاییدا به‌پێویستی ده‌زانین له‌پێناو خستنه‌ڕووی راستیه‌كان و قسه‌كردنی زانستی و شاره‌زاییانه‌ له‌بابه‌ته‌كان پێویسته‌ كه‌سانی شاره‌زا له‌م بوارانه‌ زانیاری بدات .
 
د.دارا ره‌شید محمود
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی به‌رێوه‌بردنی سندوقی هاوكاری نه‌خۆشیه‌كانی شێرپه‌نجه‌
16/5/2013