وەزارەتی تەندروستی - حکومەتی هەرێمی کوردستان

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی

نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌ له‌هه‌رێم به‌گوێره‌ی ڕێنمایی یه‌ پزیشكی و یاسایی یه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت


ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی

 

نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌ له‌هه‌رێم به‌گوێره‌ی ڕێنمایی یه‌ پزیشكی و یاسایی یه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت

نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌ ، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌شته‌رگه‌ریه‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كان كه‌ ژیانی نه‌خۆش رزگارده‌كات له‌مردن  و به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی په‌ككه‌وتنی گورچیله‌یان هه‌یه‌ و گورچیله‌كانی له‌كاركه‌وتووه‌ ده‌توانن درێژه‌ به‌ژیان بده‌ن.

ئه‌نجامدانی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ له‌هه‌رێم پێشكه‌وتنی جۆریه‌ له‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كان و نیشانه‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستی یه‌كانه‌ له‌هه‌رێم.

ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان (3) سه‌نته‌ری پێشكه‌وتووی چاندنی گورچیله‌ هه‌یه‌ له‌شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك ، وه‌ له‌ساڵی 2007 ه‌وه‌ خزمه‌تی نه‌خۆشانی په‌ككه‌وتووی گورچیله‌ ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێم تاوه‌كو ئیستا زیاتر له‌ (2000) نه‌شته‌رگه‌ری سه‌ركه‌وتووی چاندنی گورچیله‌یان ئه‌نجامداووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ (2000) نه‌خۆش ژیانیان رزگاركراوه‌ له‌مردن ، له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ نیوه‌ی نه‌خۆشه‌كان هاووڵاتیانی عه‌ره‌ب بوون كه‌ له‌پاریزگاكانی تری عێراق هاتوونه‌ شاره‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ .

نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌ به‌گوێره‌ی ڕێنمایی یه‌ پزیشكی و یاسایی یه‌كان ئه‌نجامده‌درێت  پشت به‌یاسای ژماره‌ (85) له‌ساڵی 1986 هه‌روها یاسایه‌كی تازه‌ی تر كه‌ ئاماده‌كراووه‌ و له‌هه‌مان یاسا وه‌رگیراووه‌ ، لێژنه‌یه‌كی پسپۆڕی تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پزیشكانی پسپۆڕی هه‌ناو ، گورچیله‌،نه‌شته‌رگه‌ری گورچیله‌،ده‌روونی  و ئه‌ندامێكی یاسایی  هه‌روها كه‌سی خۆبه‌ش كه‌ گورچیله‌كه‌ ده‌به‌خشێت  له‌لایه‌ن لایه‌نی ئاسایشه‌وه‌ ده‌بیندرێت و به‌ڵێننامه‌ی یاسایی واژوو ده‌كات  كه‌ ده‌ری ده‌خات كه‌سه‌كه‌ به‌ئاره‌زووی خۆی وه‌ به‌بێ فشارخستنه‌ سه‌ر  و به‌بێ به‌رامبه‌ر (به‌خۆرایی) گورچیله‌كه‌ی ده‌به‌خشێت به‌ نه‌خۆشه‌كه‌ .

هاوكات له‌ڕێگه‌ی ئه‌و روونكرنه‌یه‌وه‌ داوا له‌هاووڵاتیان ده‌كه‌ین هه‌ر كه‌سێك زانیاری لایه‌ كه‌ ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ری یه‌ به‌ده‌ر له‌و ڕێنماییانه‌ ئه‌نجامدراووه‌ له‌ هه‌رێم با په‌یوه‌ندیمان پێوه‌بكات و سكاڵا تۆماربكات ، وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌هیج جۆرێك قبۆلناكه‌ین  دوور له‌ ڕێنماییه‌ پزیشكی و یاساییه‌كان ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ ئه‌نجام بدرێت  و سزای قورسی سه‌رپێچی كارانیش ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر هه‌بێت .