وەزارەتی تەندروستی - حکومەتی هەرێمی کوردستان

هه‌ولێر: وه‌زیرى ته‌ندروستى: به‌ردى بناغه‌ى دوو پرۆژه‌ى گرنگى بوارى ته‌ندروستى دانا


ئه‌مڕۆ 17/6/2013 دكتۆر رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم، به‌یاوه‌رى نه‌وزاد هادى پارێزگارى هه‌ولێرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى له‌ وه‌زاره‌ت، به‌ردى بناغه‌ى دوو پرۆژه‌ى گرنگى بوارى ته‌ندروستى له‌ شارى هه‌ولێر دانا، هاوكات به‌شى منداڵه‌ ناكامه‌كانى له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئافره‌تان و له‌ دایك بوونى فێركارى كرده‌وه‌.
بایه‌خدان به‌ كه‌رتى ته‌ندروستى و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كان، له‌ ئاراسته‌ى خزمه‌تكردنى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان، كارى له‌ پێشینه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بووه‌، له‌م پێناوه‌شدا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وه‌ك لایه‌نى جێبه‌جێكار، له‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانى كوردستاندا خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كانى گه‌یاندووه‌ به‌ هاوڵاتیان:له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دكتۆر رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم، به‌ یاوه‌رى پارێزگارى هه‌ولێرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى هه‌ولێر، به‌ردى بناغه‌ى سنته‌رى شه‌كره‌ى له‌ شارى هه‌ولێر دانا، كه‌ بڕى زیاتر له‌ 3 ملیار دینارى بۆ ته‌رخانكراوه‌:
دواتر وه‌زیرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ گه‌ڕه‌كى شاره‌وانى شارى هه‌ولێر، به‌ردى بناغه‌ى بنكه‌ى ته‌ندروستى شاره‌وانى جۆرى (A) دانا كه‌ بڕى زیاتر له‌ 1 ملیار دینارى بۆ ته‌رخانكراوه‌و ماوه‌ى ته‌واوكردنى پرۆژه‌كه‌ش 330 رۆژه‌
دواتر دكتۆر رێكه‌وت وه‌زیرى ته‌ندروستى به‌شى منداڵه‌ ناكامه‌كان، پاش گه‌وره‌كردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئافره‌تان و له‌ دایك بوونى فێركارى كرده‌وه‌:...........
له‌ وه‌ڵامى رۆژنامه‌نوساندا له‌ باره‌ى كۆنتڕۆڵكردنى ده‌رمانى خراپ و ماوه‌ به‌ سه‌رچوو له‌ هه‌رێمى كوردستان، وه‌زیرى ته‌ندروستى رایگه‌یاند" پرۆسه‌ى نرخى ده‌رمان ته‌واوكراوه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا به‌ لۆگۆو نرخه‌وه‌ ده‌رمان ده‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌، وتیشى، ئه‌مساڵ كۆگایه‌كى گه‌وره‌ى ده‌رمان له‌ شارى هه‌ولێر دروست ده‌كرێت، دكتۆر رێكه‌وت راشیگه‌یاند" له‌ گه‌ڕه‌كى باداوه‌ى شارى هه‌ولێر نه‌خۆشخانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى له‌ دایك بوون دروست ده‌كرێت، به‌ ئاراسته‌ى خزمه‌تكردنى زیاترى هاوڵاتیان.
راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ت