وەزارەتی تەندروستی - حکومەتی هەرێمی کوردستان

د.رێكه‌وت حمه‌ره‌شید: ده‌رگاى ژووره‌كه‌م بۆ هه‌موو كه‌سێك كراوه‌یه‌

وه‌زیرى ته‌ندروستى: دواى كۆتایى هاتنى گرێبه‌ستى كۆمپانیا به‌ریتانیه‌كه‌ له‌هه‌رێم پشكنینى ده‌رمان ده‌كه‌ین


د.رێكه‌وت حمه‌ره‌شید: ده‌رگاى ژووره‌كه‌م بۆ هه‌موو كه‌سێك كراوه‌یه‌

 

وه‌زیرى ته‌ندروستى: دواى كۆتایى هاتنى گرێبه‌ستى كۆمپانیا به‌ریتانیه‌كه‌ له‌هه‌رێم پشكنینى ده‌رمان ده‌كه‌ین

 

پێشنیوه‌رۆى ئه‌مرۆ له‌دیوانى وه‌زاره‌ت دكتور رێكه‌وت حمه‌ره‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستى به‌ئاماده‌بونى به‌رێوه‌به‌ر وسه‌رپه‌رشتیارى كوالێتى كۆنترۆڵى جۆرى ده‌رمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى هاورده‌كردنى ده‌رمان و پێداویستى پزیشكى كۆبووه‌.

له‌سه‌ره‌تاى كۆبونه‌وه‌كه‌ دكتور رێكه‌وت حمه‌ره‌شید وه‌زیرى ته‌ندروستى به‌ناوى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى ته‌ندروتى سوپاسى ئه‌و كۆمپانیایانه‌كرد كه‌ده‌رمان وپێداویستى پزیشكیان پێشكه‌ش به‌وه‌زاره‌ت كردوه‌ وه‌ك هاوكاریه‌ك بۆهێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ وتیشى رۆل و ئه‌ركى ئه‌وكۆمپانیایانه‌ به‌رزده‌نرخێنین كه‌ ده‌یانه‌وێت هاوشانى وه‌زاره‌ت خزمه‌ت به‌هاوڵاتیان بكه‌ن هه‌روه‌ها د.رێكه‌وت حمه‌ره‌شید وتیشى ده‌رگاى ژووره‌كه‌م كراوه‌یه‌ بۆئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێت هاوكار و هه‌ماهه‌نگى ته‌واوى كه‌رتى ته‌ندروستى بن و میكانیزمى چاره‌سه‌رى كیشه‌كان بن.

وه‌زیرى ته‌ندروستى راشى گه‌یاند له‌گه‌ڵ ته‌واوبونى گرێبه‌ستى وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى ئیف دیى ئیسى به‌ریتانى له‌سه‌ر داواى خۆمان ده‌مانه‌وێت وه‌ك وولاتان پشكنینى ده‌رمان له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى كوالێـتى كۆنترۆڵى جۆرى ده‌رمان له‌هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین بۆئه‌مه‌ش پێویسته‌ كۆمپانیاكانى ده‌رمان هاوكار و هه‌ماهه‌نگى ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ بن و كارئاسانى بۆپشكنینى ده‌رمانه‌كانیان بكه‌ن.

دواتر له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیارى كۆالیتى كۆنترۆلى جۆرى ده‌رمان  باس له‌ئه‌رك و رۆلى كۆمپانیاكان كرا بۆئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌داهاتوو كیشه‌و گرفت سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ى كار له‌سه‌ر دواخستنى پشكنینى ده‌رمانه‌كانیان نه‌كرێت له‌وپێناوه‌ش داوایان له‌كۆمپانیاكان كرد پابه‌ندى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌ت بن به‌تایبه‌ت له‌نرخ و پشكنینى ئه‌وده‌رمانانه‌ى ده‌خه‌نه‌بازار له‌گه‌ڵ كۆگاكان و چۆنیه‌تى هاورده‌كردنى ده‌رمان بۆهه‌رێمى كوردستان.