ئەمڕۆ 13/10/2012 لە دیوانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی بۆ هەریەک لە بەڕێزان د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید وەزیرى تەندروستى و د. میران محەمەد بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى سازدرا
حاڵەتەکانى نەخۆشى سکچون و کۆلێرا بە ڕێژەى 85% کەمیکردوە
ئەمڕۆ 13/10/2012 لە دیوانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی بۆ هەریەک لە بەڕێزان د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید وەزیرى تەندروستى و د. میران محەمەد بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى سازدرا ، کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەش تایبەت بو لەسەر حاڵەتەکانى نەخۆشى کۆلێراو ئامارەکانى نەخۆشیەکە لە ئێستاداو بەردەوامى هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تەواوەتى نەخۆشى کۆلێرا ئەمەش دواى ئەوە دێت کەلەماوەى 14 ڕۆژر ڕابردودا بڵاوبونەوەى نەخۆشى کۆلێرا لەشارى سلێمانیدا بە فەرمى ڕاگەیەنرا ، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەوەى ڕاگەیاند کە حاڵەتەکانى نەخۆشییەکە بەڕێژەى 85% کەمیکردوەو لەهەمو شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستانیشدا نەخۆشییەکە بەرەو کۆنتڕۆڵ بون دەچێت کەئەمە جێگەى خۆشحاڵییەو دەستخۆشى لە تەواوى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کرد بە هاوکاریکردنیان لە وشیارکردنەوەى هاوڵاتیاندا ئەویش بەبڵاوکردنەوەى ڕێنماییە تەندروستییەکان و هیواى ئەوەى خواست کە هاوکارى بەردەوامى تەندروستى بن لە هەموو کاتیکدا ، د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دەستخۆشى تەواوى کرد لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى و خودى بەڕێوەبەرى گشتى و هەموو ئەو پزیشک و کارمەندانەى لەبوارى چارەسەرکردن و خۆپاراستندا کاریانکردوە کە بەهەوڵ و ماندوبونى ئەوان و ئەو ڕێو شوێنانەى گیراونەتەبەر لەلایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى و لایەنە پەیوەندیدارەکانى تر توانراوە نەخۆشییەکە بەرەو کۆنتڕۆڵى تەواوەتى بچێت ، ئەوەشى وت کە تا ئێستا لەناو مەرکەزى شارى سلێمانیدا بە هۆى نەخۆشییەکەوە 2162 کەس داخڵى نەخۆشخانە بوەو لەو ڕێژەیەش 272 کەس پۆزەتیف بوەو لەوانەش 31 حاڵەتیان لە نەخۆشخانەى مناڵان بوە ئەوانى تر لە نەخۆشخانەى گەورە بوە 5 حاڵەتیان لە ڕانیە و 3 حاڵەتى تر لە کەلار بوە ئەوەى جێى دڵخۆشییە ئەوەیە کە ئەوانەى لە ڕانیەو کەلارن پەیوەندییان بە سلێمانییەوە هەیەو لە شوێنەکانى خۆیان نەخۆشیەکە بڵاونەبوەتەوەو لە شارى هەولێریش 2 حاڵەت و لە ئاکرێ 1 حاڵەت هەبوە ، وەزیرى تەندروستى دەپاتیکردەوەکە تا ئێستا 4 کەس گیانى لەدەستداوە بەهۆى نەخۆشییەکەوە کە 3 کەسیان لە شارى سلێمانى و 1 کەسیشیان لە شارى هەولێر بوە و حاڵەتەکانیش بەباشى بەرەو کۆنتڕۆڵ چوەو هەوڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و سەرۆکایەتى پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ترى بەرز نرخان لە هاوکارى بەردەوامیان داواشى لێکردن کە ئەو هۆکارانەى کە بونە هۆى بڵاوبونەوەى کۆلێرا وەک کۆنتڕۆڵکردنى سەرچاوەکانى ئاو و کۆنتڕۆڵکردنى سەوزە و تانکەرە نا یاساییەکانى ئاو و قەدەغە کردنى خواردەمەنى عارەبانەو دەستگێڕەکان ئیجرائاتەکان لەسەریان بەردەوامبێت بۆ دوبارە نەبونەوەى نەخۆشییەکە .
د.میران بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و هاوڵاتیان دواو وتى تا کۆنتڕۆڵکردنى تەواوەتى نەخۆشییەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکەم پابەندى تەواوى ڕێنماییە تەندروستییەکان بن هەر لە پاک و خاوێنى و نەخواردنى سەوزەو خۆراکى دەستگێڕەکان و بەکار نەهێنانى ئاوى گومانلێکراوى بیرەکان و تانکەرەکان کە ئاوى نەشیاو دەگەیەنن پێیان تا بتوانین بە هەمومان کۆنتڕۆڵى تەواوى نەخۆشییەکە بکەین .