وه‌زیری ته‌ندروستی: له‌پێنج ساڵی داهاتوودا پێویستمان به‌ده‌ره‌وه نامێنێت بۆ چاره‌سه‌ر
د.رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ رایگه‌یاند: ژماره‌ی بنكه‌ی ته‌ندروستی و نه‌خۆشخانه‌كانمان ده‌گاته ستانداردی جیهانی و له‌پێنج ساڵی داهاتووشدا پێویستمان به‌ده‌ره‌وه نامێنێت بۆ چاره‌سه‌ر.
راشیگه‌یاند: سه‌رقاڵی دابینكردنی تاقیگهیهكین بۆ پشكنینی ده‌رمان به‌بڕی حه‌وت ملیار دینار له‌گه‌ڵ دروستكردنی كۆگایه‌كی گه‌وره به‌بڕی زیاتر له 10 ملیۆن دۆلار.
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت؛ ئه‌و كارنامه‌یه‌ی له‌كابینه‌ی حه‌وته‌م بۆ بواری ته‌ندروستی دایانناوه، زۆربه‌یان جێبه‌جێ كردووه، له‌وانه‌ش پته‌وكردنی ژێرخانی ته‌ندروستی، چاكسازی له‌سیستمی ته‌ندروستی، خۆپاراستن، به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی هه‌ندێك دامووده‌زگای ته‌ندروستی، باشكردنی ره‌وشی دهرمانو ناردنی نه‌خۆش بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
ستانداردی جیهانی
د.رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، له‌باره‌ی ژێرخانی تهندروستیو پرۆژه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌بواری دروستكردنی بنكه‌ی تهندروستیو نه‌خۆشخانه وتی: «به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كه‌می بنكه‌ی تهندروستیو نه‌خۆشخانه له‌شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ماوه‌ی ساڵێك و حه‌وت مانگی كابینه‌ی حه‌وته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ی ته‌ندروستی و سه‌نته‌ری تایبه‌تی نه‌خۆشییه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌و هه‌ندێكیان تهواوكراونو هه‌ندێكی تریشیان له‌ته‌واوبووندان، كه بۆ سه‌رجه‌میان بڕی زیاتر له یه‌ك تریلیۆن دینار خه‌رجكراوه، به‌ته‌واوكردنی ئه‌و پرۆژانه‌ش ده‌توانین بڵێین هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی بنكه‌ی تهندروستیو نه‌خۆشخانه ده‌گاته ئاستی ستانداردی جیهانی یان نزیكبوونه‌وه له‌و ئاسته».
(2) هه‌زارو (500) قه‌ره‌وێڵه‌ی تر
دروستكردنی ئه‌و نه‌خۆشخانانه واده‌كات 2 هه‌زارو 500 قه‌ره‌وێڵه بۆ نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئاماده‌بكرێت، به‌پێی روونكردنه‌وه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه نوێیه‌كان به‌مجۆره‌ن:
*كه‌لار: 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی
*چه‌مچه‌ماڵ: 50 قه‌ره‌وێڵه‌یی
*رانیه: 291 قه‌ره‌وێڵه‌یی
*دهۆك: 300 قه‌ره‌وێڵه‌یی فریاكه‌وتن، 300 قه‌ره‌وێڵه‌یی منداڵبوون
*هه‌ولێر: 330 قه‌ره‌وێڵه‌یی گشتی، 200 قه‌ره‌وێڵه‌یی منداڵبوون
*قه‌زای خه‌بات: 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی
*سلێمانی: دوو نه‌خۆشخانه‌ی 200 قه‌ره‌وێڵه‌یی منداڵ‌و له‌دایكبوون، 200 قه‌ره‌وێڵه‌یی رۆماتیزم، 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی شێرپه‌نجه، 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی چاندنی به‌شه‌كانی له‌ش، 50 قه‌ره‌وێڵه‌یی پهتاگهرییهكان
وتیشی: «چه‌ندین نه‌خۆشانه‌و بنكه‌ی ته‌ندروستی تر له‌ناوچه جیاوازه‌كان دروست ده‌كرێن، به‌ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆژانه‌ش، ده‌توانین بڵێین هه‌رێم كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ی ته‌ندروستی نامێنێت».
ئه‌نجامدانی چاكسازی
له‌باسی ئاستی خزمه‌تگوزاری بنكه تهندروستیو نه‌خۆشخانه حكومییهكانیش، د.رێكه‌وت ده‌ڵێت: «بۆئه‌وه‌ی بنكه تهندروستیو نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان بتوانن به‌باشترین شێوه خزمه‌ت بكهنو ببنه جێگای ره‌زامه‌ندی هاووڵاتیان، چه‌ندین گۆڕانكاری‌و چاكسازی ئه‌نجامدراون له‌وانه؛ دانانی سیستمی یه‌ك پۆشی جلوبه‌رگی پزیشك‌و كارمه‌ندی ته‌ندروستی و نه‌خۆش له نه‌خۆشخانه‌كان، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر نۆره‌ی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری له‌كه‌رتی حكومی زۆربوو، كه نزیكه‌ی دوو ساڵ و سێ ساڵی ده‌خایاند، ئێمه به‌ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران توانیمان نه‌شته‌رگه‌ری نیمچه تایبه‌ت دابنێین‌و ئێواران به‌بڕێك پاره بۆ هاووڵاتیان ئه‌نجامبدرێت، بۆ ئه‌مه‌ش حكومه‌ت 80%ی تێچووه‌كه‌ی دهداتو 20%ی هاووڵاتی خۆی ده‌یدات، به‌م هه‌نگاوه‌ش هاووڵاتیان له‌ماوه‌ی مانگێك كه‌متر نۆره‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌یان دێت».
كلینكی (24) سه‌عاتی
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كانی كه‌رتی حكومی، وه‌زیری ته‌ندروستی روونیكرده‌وه، كه توانیویانه كلینكی راوێژكاری 24 سه‌عاتی له هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی له سلێمانیش هه‌ن زیادی بكه‌ن، له‌و كلینكانهش پزیشكی پسپۆڕ ده‌وام دهكاتو ته‌نها به 3 هه‌زار دینار نه‌خۆش ده‌بینن، هه‌روه‌ك حكومه‌ت 50%ی نرخی ده‌رمان و 80%ی نرخی تاقیگه ده‌گرێته‌ئه‌ستۆ، به‌مه‌ش خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت سوودی لێوه‌رده‌گرن.
ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆش
سه‌باره‌ت بهناردنهدهرهوهی نه‌خۆش بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات تا له‌وێ چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن، وه‌زیری ته‌ندروستی وتی: «ژماره‌یه‌كی زۆر له‌نه‌خۆش پێویستیان به‌چاندنی مۆخو جگه‌رو تیشكی (پێتسكان)و نه‌شته‌رگه‌ری دڵ هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌پشتیوانی سهرۆكو جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستیكردووه به‌جێبه‌جێكردنی بهرنامهیهكو له‌گه‌ڵ چه‌ند وڵاتێك رێكه‌وتووین له‌وانه؛ ئوردن، لوبنان، هیندستانو توركیا تاكو ئه‌و نه‌خۆشانه ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاتانه بكرێن‌و چاره‌سه‌ر بكرێن».
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، چوونی نه‌خۆش بۆ ده‌ره‌وه دوو جۆره؛ یه‌كێكیان ئه‌و كه‌سانه‌ن توانای داراییان هه‌یه‌و حه‌زده‌كه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاره‌سه‌ربكرێن، له‌كاتێكدا له‌ناوخۆ چاره‌سه‌ریان هه‌یه، ئه‌ویتریشیان ئه‌و كه‌سانه‌ن چاره‌سه‌ریان له‌ناو هه‌رێمدا نییه.
(5) ساڵی داهاتوو
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێت بۆ باشتركردنی ره‌وشی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ته‌ندروستی دووپاتیكرده‌وه: «ده‌توانم بڵێم له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوودا هه‌موو چاره‌سه‌رییه‌كان له‌ناوخۆ پێشكه‌ش ده‌كرێن».
نه‌خۆشخانه‌ی چاره‌سه‌ری كیمیایی
وتیشی: «به‌رده‌وام ده‌بین له‌ناردنی ئه‌و نه‌خۆشانه تا ئه‌وكاته‌ی ده‌توانین له‌ناوخۆدا چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌ین. بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ركه‌وته‌ی چه‌كی كیمیاییش هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان سه‌رقاڵی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ن، به‌ڵام ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌رقاڵی دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ی چاره‌سه‌ری كیمیایین تاكو بتوانین زیاتر خزمه‌تی ئه‌و قوربانیانه بكه‌ین».
چاره‌سه‌ركردنی كه‌ڕی منداڵان
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی پێشكه‌وتنی لایه‌نی ته‌ندروستیدا، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چاندنی گوێی ناوه‌وه به‌خۆڕایی ئه‌نجامده‌درێت، كه له‌كاتی ئێستادا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌رقاڵی گرێبهستێكن له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی جیهانی تاكو (گوێی ناوه‌وه) بكڕن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 275 پارچه كڕدراوه. د.رێكه‌وت وتیشی: «هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی كهڕنو نابیستن، بڕی 25 هه‌زار دۆلاری بۆ خه‌رجده‌كرێت تاكو له‌و نه‌خۆشییه رزگاریان بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ئه‌وا دواتر لاڵ ده‌رده‌چن. هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی دروستكردنی چه‌ندین سه‌نته‌رین، بۆ نموونه؛ چاندنی مۆخ له سلێمانی‌و هه‌ولێرو چاندنی جگه‌ر له سلێمانی».
كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان
ره‌وشی ده‌رمان له هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه بابه‌تێكی گه‌رمی باسوخواسه، له‌وباره‌یه‌وه د.رێكه‌وت وتی: «دوای ده‌رچوونی راپۆرتێك له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كه باس له‌وه‌كرا ره‌وشی ده‌رمان له هه‌رێمی كوردستان زۆر خراپه‌و ده‌رمانی ئێكسپایه‌رو كوالێتی نزم له‌بازاڕه‌كاندا هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چه‌ند رێوشێنێكی گرته‌به‌ر له‌وانه؛ كۆنتڕۆڵكردنی خاڵه سنوورییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی ده‌رمان له‌ڕێگای ساردكه‌ره‌وه‌كان. هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌ركه‌وت كۆنتڕۆڵی جۆریی ده‌رمانی هه‌رێم به‌هۆی كه‌می ئامێر‌و توانای مرۆیی ناتوانێت وه‌كو پێویست پشكنین بۆ ده‌رمان بكات، رێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی ئیمزاكردو له‌ڕێی ئه‌و كۆمپانیایه زیاتر له شه‌ش هه‌زار ده‌رمان پشكنینی بۆ كراوه».
تاقیگه‌ی پشكنینی ده‌رمان
راشیگه‌یاند: «هه‌ر به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، په‌ره به‌توانای مرۆیی ناوخۆ دراوه بۆ پشكنینی ده‌رمان، به‌جۆرێك كارمه‌ندانی ناوخۆ ده‌توانن 50%ی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی دێنه ناو هه‌رێم پشكنینی بۆ بكه‌ن، جگه‌له‌وه‌ی سه‌رقاڵی دابینكردنی تاقیگهیهكین بۆ پشكنینی ده‌رمان به‌بڕی حه‌وت ملیار دینار له‌گه‌ڵ دروستكردنی كۆگایه‌كی گه‌وره به‌بڕی زیاتر له 10 ملیۆن دۆلار».
ئاشكراشیكرد به‌سه‌دان تۆن ده‌رمان لهسنوورهكانو ناو بازاڕه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌و سوتێندراو‌ن، هه‌ر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان پرۆسه‌ی دانانی نرخ‌و لۆگۆی وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر پاكه‌تی ده‌رمانه‌كان به‌رده‌وامه‌و له‌كاتی ئێستادا زۆربه‌یان لۆگۆ‌و نرخیان له‌سه‌ر نوسراوه.
(18) جۆر ده‌رمان
د.رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید زانیاری زیاتری خسته‌ڕوو: «جگه له‌كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمانخانه‌و كۆگاكانی ده‌رمان، هه‌وڵمانداوه لهدهرمانخانه نایاسایی‌و لاكۆڵانهكانیش ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ربكه‌ین، چونكه هه‌ندێك له‌كارمه‌ندانی تهندروستیو یاریده‌ده‌رانی پزیشكی سه‌رقاڵی فرۆشتنی ده‌رمانن، كه به‌گوێره‌ی یاسا ئه‌وه كاری ئه‌وان نییه، بۆیه له‌هه‌وڵی ئاماده‌كردنی پڕۆژهیاسایهكینو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشانداوه، به‌گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتی فرۆشتنی ده‌رمان كه 18 جۆرن، به‌كارمه‌ندانی تهندروستیو یاریده‌ده‌ری پزیشك‌و په‌رستیاری و یاریده‌ده‌ری ده‌رمانساز دراوه، جگه له‌و 18 جۆره، كه پێویستی به‌پزیشك نابێت و به‌ده‌رمانی (سه‌رمێز) ناسراون، ئه‌وان بۆیان نییه هیچ جۆره ده‌رمانێكی تر بفرۆشن، به‌مه‌ش ده‌توانین ژماره‌ی ده‌رمانخانه‌ی نایاسایی‌و لاكۆڵانه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه».
شێرپه‌نجه له‌ڕێژه ده‌رنه‌چووه
نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له هه‌رێمی كوردستاندا ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌مان بوو له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی، ئه‌ویش له‌و باره‌یه‌وه روونیكرده‌وه: «به‌گوێره‌ی ستانداردی جیهانی له 100 هه‌زار كه‌س، 150 كه‌س تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌بن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی ئێستا له‌به‌رده‌ستدان له 100 هه‌زار كه‌س ته‌نها 60 كه‌س له هه‌رێم توشی ئه‌و نه‌خۆشیه ده‌بن، له‌به‌رئه‌وه رێژه‌كه له‌ڕێژه‌ی جیهانی ده‌رنه‌چووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ چارهسهركردنو خزمه‌تكردنی توشبووان، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كار بۆ دروستكردنی سێ نه‌خۆشخانه‌ی شێرپه‌نجه له‌پارێزگاكانی هه‌ولێر، دهۆكو سلێمانی ده‌كه‌ین. جگه له‌هێنانی ئامێری (پێتسكان)ی تایبه‌ت به‌ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ش، چه‌ند گرێبه‌ستێكمان بۆ كڕینی ده‌رمانی ره‌سه‌ن له‌كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كان ئیمزاكردووه، له‌كاتی ئێستاشدا قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و ده‌رمانانه گه‌یشتۆته هه‌رێم». وتیشی: «به‌گشتی ره‌وشی نه‌خۆشخانه‌كانی شێرپه‌نجه له هه‌رێم زۆر پێشكه‌وتووه، هاتنی هاووڵاتیانی ناوه‌ڕاستی عیراق‌و پارچه‌كانی تری كوردستانیش بۆ هه‌رێم بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشیه، نیشانه‌ی سه‌لماندنی ئه‌و راستیه‌یه».
سیستمی ته‌ندروستی پێویستی به‌گۆڕانكارییه
د. رێكه‌وت ئاماژه‌ی به سیستمی ته‌ندروستی له هه‌رێم كرد‌و وتی: «ئه‌گه‌رچی سیستمی ته‌ندروستی پێویستی به‌گۆڕانكارییه، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌نییه ئه‌و سیستمه‌ی ئێستا هه‌مووی هه‌ڵه‌یه، به‌ڵكو پێویسته چاكبكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند یاسایه‌كمان ئاماده كردووه، له‌وانه؛ یاسای ئه‌نجومه‌نی پزیشكی بۆ رێكخستنی ناوه‌نده‌كانی تهندروستیو پزیشكی. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه كه ئێستا پرۆژه‌یاساكه‌ی له‌ئه‌نجومه‌نی شورایه، ئه‌نجومه‌نێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، ئه‌ركی چاودێریكردنی ره‌وشی تهندروستیو كاری پزیشكی (گشتی و تایبه‌ت)و په‌یوه‌ندی نێوان نهخۆشو نه‌خۆشخانه ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا بوونی هه‌یه».
وتیشی: «سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی پرۆژهیاسایهكین بۆ جیاكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی له كه‌رتی تایبه‌ت، چونكه له كاتی ئێستادا تێكه‌ڵاویه‌كی زۆر هه‌یه له‌نێوان ئه‌و دوو كه‌رته‌دا، كه پێمانوایه ده‌ركردنی یاسایه‌كی له‌و جۆره ده‌بێته كلیلی چاره‌سه‌ركردنی ره‌وشی ته‌ندروستی له‌م وڵاته‌دا. هه‌ر له‌بواری یاسادا چه‌ند پرۆژه‌یاسایه‌كی تر ئاماده‌كراون وه‌ك پرۆژه یاسای مافی نهخۆشو بیمه‌ی تهندروستیو مافی پزیشك‌و نه‌خۆشخانه خۆییه‌كان».