768 جار خوێندراوەتەوە 1/30/2017
بریكاری وەزارەتی كارەبا پێشوازی لەپارێزگاری هەڵەبجەی شەهید كرد
رێكەوتی 30/1/2017 هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا پێشوازی لە عەلی عوسمان پارێزگاری هەڵەبجە بە( وەكالەت) و شاندی یاوەری كەوت، لەدیدارێكدا كە هەریەك لەجێگری پارێزگاری هەڵەبجە و راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا ئامادەیبوون ، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان بریكاری وەزارەتی كارەبا پێخۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی لەنزیكەوە گوێبستی داواكاری و پێشنیارەكانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی ئەو شارەیە، كە دانیشتوانەكەی جێی هەموو رێزو خزمەتكردنێكن بەرامبەر ئەو خەبات و قوربانیدانەی لەمێژووی خەباتی گەلی كوردستان پێشكەشیان كردووە، لەو دیدارەدا وێڕای گوێگرتن لە داواكارییەكانی تایبەت بە پێشخستنی خزمەتگوزارییەكانی كارەباو كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەڵەبجە، بریكاری وەزارەتی كارەبا باسێكی سەبارەت بەگرفت و كێشەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەكان كرد كە بەهۆی نەبوونی بودجەو قەیرانی داراییەوە دووچاری كەرتی كارەبا بووە، هاوكات بەڵێنی پێدان كە ئەوەی لەتواناو بودجەی بەردەستدا بێت درێغی نەكەن لەخزمەتكردنی هاوڵاتیانی هەڵەبجە، كار بۆ ئەوەش دەكەن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ بكەن سەبارەت بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتی كارەبا بۆ ئەو پارێزگایە.
لەلایەن خۆشیەوە پارێزگاری هەڵەبجە دەستخۆشی لەوەزارەتی كارەبا كرد كە سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری هەرێمی كوردستان بووە بەپێی توانا لەكاروچالاكیەكانیان بەردەوامن و ئومێدی خواست بەهەردوو لا بتوانن چارەسەری خێرای كەموكورتیەكانی كارەبا لەتەواوی ناوچەكەیان بكەن.
راگەیاندنی وەزارەتی كارەبا


sawen