1074 جار خوێندراوەتەوە 10/27/2019
وەزیری کارەبا بەجیا پێشوازی لە پارێزگاری هەڵەبجەو وتەبێژی حکومەت کرد
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا پێشوازی لە مامۆستا ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و شاندی یاوەری کرد، لەدیدارێکدا کە شێخ کاوە جێگری پارێزگارو نوخشە ناسح قایمقامی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبا ئامادەیبوون، وەزیری کارەبا وێڕای بەخێرهاتنی پارێزگارو شاندی یاوەری باسی دۆخی کارەبا و گرنگترین پرۆژەکانی وەزارەتی کرد، بەتایبەتی پرۆژەی جێبەجێکردنی تۆڕی زیرەک و بەستنی پێوەری زیرەک کە رۆڵی گەورەی لە چارەسەرکردنی کارەبا دەبێت ، هاوکات هەر لەو دیدارەدا وەزیری کارەبا باسی هەوڵەکانی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای هەڵەبجە کردو بەڵێنی پێدان کاری جیددی بۆ دامەزراندنی ئەو بەڕێوەبەرایەتی یە گشتییە دەکات و بەنوسراوی فەرمیش بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزکراوەتەوە . تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە داواکاریی و پێشنیارەکانی پارێزگاری هەڵەبجەو وەزیری کارەبا لەنزیکەوە گوێبستی بۆچوونەکانیان بوو.
پارێزگاری هەڵەبجە وێڕای دەستخۆشی لەکارەکانی وەزارەتی کارەبا کە توانیویانە سەڕەڕای قەیرانی دارایی چەندین پرۆژەو کار لە پارێزگای هەڵەبجە پێشکەش بکەن، ئومێدیشی خواست بەهەردوو لا بتوانن چارەسەری کەموکورتیەکانی کارەبا لەتەواوی ناوچەکەیان بکەن.
لەدیدارێکی دیکەدا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا پێشوازی لە بەڕێز دکتۆر جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت و بەرپرسی فەرمانگەی میدیاو زانیاری کرد، لەدیدارێکدا کە بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت ئامادەیبوو، باس لە گرنگیدان بەکاری میدیایی و گەیاندنی زانیارییەکان بەهاوڵاتیان کرا، لەلایەن خۆیەوە وەزیری کارەبا سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد بۆ ئەو گرنگیدانە بە پرۆژەو کارە خزمەتگوزارییەکان و ئومێدی خواست پێکەوە بتوانن هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ گەیاندنی چالاکی و پرۆژەو کارەکانی وەزارەت بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان. لەلایەن خۆشیەوە وتەبێژی حکومەت وێڕای دەستخۆشی لەکارەکانی وەزارەت و راشیگەیاند ئەوان لە فەرمانگەی میدیاو زانیاری پاڵپشتی تەواوی راگەیاندن و گەیاندنی زانیاری بەهاوڵاتیان دەکەن و لەم پێناوەشدا پلانێکیان دارژتووە بۆ بەردەوامی دان لە پێشخستن و پەرەپێدانی زیاتری توانایی راگەیاندن، بەشێوەیەک کە لەگەڵ پەیام و ستراتیژییەتی کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگونجێت.


