تێبینی: وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرس نیە لەو زانیاریانەی خوارەوە کە لەلایەن ئاژانس و رێکخراوە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان و کۆمپانیاکانی نەوتەوە بۆ ناوەرۆکی ئەم لاپەڕەیە دەستەبەرکراوە

 

وێسترن زاگرۆس هاوکاری دارایی دەدات بە رێکخراوی مێرسی کۆر بۆ دابەشکردنی پێویستیی زستانە بەسەر ئاوارەکانی سووریادا

بەهۆی ئەو 50,000 دۆلارەی کە وەک هاوکاریەکی دارایی لەلایەن کۆمپانیای وێسترن زاگرۆسەوە دابینکرا، رێکخراوی مێرسی کۆر لە کانوونی دووەمی 2014 دا هەستا بە دابەشکردنی کەلوپەل و پێویستیی وەرزی زستان بەسەر 39 خێزانی بێدەرەتانی ئاوارەی سووریا کە لە سلێمانی دەژین. مێرسی کۆر ئەو خێزانانەی هەڵبژارد کە خاوەنی منداڵی زۆرن و سەرۆک خێزانەکانیان ژنن. هەر خێزنێک پاکێجێک لە پێداویستیەکانیان وەرگرت بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا بە گەرموگوڕی و تەندروست بمێننەوە. هەر پاکێجێک پێکهاتبوو لە شەش دۆشەک، شەش بەتانی ئەستوور، تاقمێکی پاکوخاوێنی کە پێکهاتبوو لە سابوون، شامپۆ، تایدی جل شۆرین، دەسڕی خاوێن کردنەوە، مەعجوونی دان، فڵچەی دان، خاولی، سەتڵی 20 لیتری، شانەیەک، کوپێک، تەنافی جل، پارچەیەکی پلاستیکی 4 بە 5 مەتر، جێریکانێکی نەوتی 20 لیتری، پەمپی نەوت، سۆبایەکی نەوت، بەرمیلێکی 220 لیتری بۆ نەوت و چەکێک بۆ کڕینی 440 لیتر نەوت کە دەتوانن لە بەنزیخانەیەکی ناوخۆیی وەری بگرن. یەکێک لە سوودمەندەکان کامەران عەلی، کە باوکی چوار منداڵە و بە کرێکاریی ناوبەناو بژێوی خێزانەکەی دابیندەکات، ووتی "دۆعای خێر بۆ ئێوە و بۆ هەموو ئەوانە دەکەم کە مەبەستیانە یارمەتی ئاوارەکانی سووریا بدەن. بە راستی گوزەرانمان بەم یارمەتیە باشتر بوو و هیوادارین لە داهاتوودا زیاتر بێت. زۆر سوپاستان دەکەین بۆ گەیاندنی ئەم پێداویستیانە بە ئێمە."

کۆمپانیای تۆتاڵ هاوکاری دارایی دەدات بە خاچی سووری فەرەنسی بۆ دروستکردنی ئاوەڕۆ و دابینکردنی کەلوپەلی زساتانە بۆ ئاوارەکانی سووریا

رێکخراوی خاچی سووری فەرەنسی (FRC) لەگەڵ هاوبەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە لە هەوڵەکانیاندا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆی ئاوارەکانی کامپی دۆمیز، کە گەورەترین کامپی ئاوارەکانە لە هەرێمی کوردستان. لەم کامپەدا ئیدامەپێدانی ئاو و ئاوەڕۆ یەکێکە لە گرفتە گەورەکان بۆ هەموو لایەنەکان. لە تشرینی یەکەمی 2013ەوە، خاچی سووری فەرەنسی لەو شوێنانەی کامپەکەدا کار دەکات کە زۆرترین ئاوارەی تێدا کۆبووەتەوە و جەختی کردووەتە سەر دانانی رێوشوێنەکانی بەڕێوەبردنی ئاوەڕۆ وەکو نوێکردنەوە یان دروستکردنی ئامرازەکانی ئاوەڕۆ، نوێکردنەوەی چاڵاکانی زێراب و پاشەڕۆ و بەتاڵکردنەوەی چاڵەکان و دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ. هەروەها لەپێناو یارمەتیدانی بێدەرەتانترین خێزانەکانی کامپی دۆمیز بۆ ئەوەی بەرگەی کەش و هەوای سەختی زستان بگرن، خاچی سووری فەرەنسی هەستاوە بە دابەشکردنی کەلوپەلی زستانە لەوانە هیتەر و جل و بەرگ و بەتانی و ... هتد بەسەر 750 خێزاندا.

لە 2014 دا، چالاکیەکانی خاچی سووری فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان هێشتا لە لایەن کۆمپانیای تۆتاڵ، کە بڕی 250,000 دۆلاری دابینکردووە،  و پارەبەخشی ترەوە پشتگیریان دەکرێت.  ئەم پشتگیریە داراییە رێگەخۆشکەرە بۆ خاچی سووری فەرەنسی تا بەردەوامبێت لە کاری بەڕێوەبردنی ئاوەڕۆدا لە کامپی دۆمیز و بۆ گەشەدان بە هاوکاری بە کۆمەڵی کۆمەڵگەکە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئاوارەکان بەشدارن و توانایان پێبەخشراوە لە ئیدامەپێدانی لایەنی ئاو و تەندروستی و ئاوەڕۆیادا کە لایەنێكی گرنگە لە بەرەوپێشردنی گوزەرانیاندا. هەروەها خاچی سووری فەرەنسی پلانی داڕشتووە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ تێکەڵاوکردنی ئاوارەکانی دەرەوەی کامپەکان لەگەڵ کۆمەڵگە خانەخوێکاندا لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکی راستەوخۆی بژێوی پەیداکردن و پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی ژێرخانی گشتیەوە.

 گەنەل ئێنەرجی ١ ملیۆن دۆلار وەک کۆمەکی دارایی دەبەخشێت بەمنداڵپارێزی نێودەوڵەتی

کۆمپانیای گەنەل ئێنەرجی بڕی ١ ملیۆن دۆلاری بەخشی بە ئاژانسی فریاگوزاری منداڵپارێزی نێودەوڵەتی لە عێراق لە پێناو پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئەو رێکخراوە لە دابینکردنی فریاگوزاری مرۆییدا بۆ ٢٠٠،٠٠٠  ئاوارەی  سووریا کە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتوون.

ئەم کۆمەکە داراییە کاریگەریەکی زۆری دەبێت لەسەر ئەو بەرنامانەی کە رێکخراوی منداڵپارێز پێشکەشی ئاوارەکانی سووریای دەکات، بە تایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی زستاندا لە هەرێمی کوردستان. لەگەڵ هاتنی سەرما و لێشاوی بەفربارینەکانی ئەم دواییە، بارودۆخی ئاوارەکانی ناو کامپەکان بەرەو خراپی چووە بۆ تەندروستی و خۆشگوزەرانی ئاوارەکان گرنگیی زیاتری پێدەدرێت.

لەم ماوەیەدا، رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی پشتگیری گرنگیی فەراهەمکردووە لەوانەش دابەشکردنی کەلوپەلی سەرەکی و پێشکەشکردنی خوێندنی بنەڕەتی و یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گونجان لەگەڵ ئەو تەنگژە زیادبووەی کە رووبەرووی ژێرخان و ئابووریەکەی بووەتەوە. تاکو ئەمڕۆ، تیمەکانی رێکخراوی منداڵپارێز لە رێگەی بەرنامەکانی فرایگوزاریانەوە لە عێراق هاوکاری ٣٥،٠٠٠ کەسیان کردووە، کە نیوەیان منداڵ بوون. 

کیێران کینگ لە رێکخراوی منداڵپارێزی عێراق ووتی "داهاتووی منداڵە سووریەکان لەژێر هەڕەشەدایە چونکە بێ بەشن لە خوێندن و دەکەونە دوای هاوتاکانیانەوە. شەریکایەتیمان لەگەڵ گەنەل ئێنەرجی و کۆمەکە داراییە بەخشندەکەیان توانا دەبەخشێت بە رێکخراوی منداڵپارێز باشتر یارمەتی منداڵە ئاوارەکان بدات لە رێی دابینکردنی پەناگە و ناوچەی سەلامەت کە دەتوانن یاری تێدا بکەن، فێر ببن، دەستبکەن بە چاک بوونەوە لەو زەبرە دەروونیەی کە بەهۆی هەڵهاتنینان لە ماڵەکانیانەوە ئەزموونیان کردووە."

شێڤرۆن بە بڕی ٧٥٠،٠٠٠ دۆلار لەڕێی رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتیەوە هاوکاری ئاورەکانی سووریا دەکات

لە سووریا دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون و نزیکەی یەک ملیۆنیان منداڵن. لە عێراق، هەتاکو کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠١٤، ٢٢٥،٠٠٠ ئاوارەی سووری تۆمارکراو بوونیان هەبووە و کە لەوانە زیاتر لە ٩٥٪ یان لە هەرێمی کوردستانن.

ئەو منداڵ و خێزانانەی کە لە توندوتیژی هەڵهاتوون، زۆرینەی کەلوپەلیان لە ووڵاتی خۆیان جێ هێشتووە و بە شمەکی زۆر کەمەوە گەیشتوونەتە عێراق. ئەم خێزانە ئاوارانە ئامادە نەبوون بۆ مەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زستانە سەختەی چاوەڕێی دەکردن. لەپێناو دابینکردنی جلوبەرگی زستانە، رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی، بەهۆی کۆمەکی دارایی کۆمپانیا شێڤرۆنەوە کە بڕی ٧٥٠،٠٠٠ دۆلار بووە، جلوبەرگی زستانەی بۆ ٨٠٠٠ منداڵی کەمپەکانی دەرەشەکران و کەوڕگۆسک و قوشتەپە و عەربەت لە هەولێر و سلێمانی دابینکردووە. منداڵەکان چاکەتی نوێی زستانە و بلوزی خوری و پانتۆڵ و كڵاوی خوری و دەستکێش و پووتی زستانەیان بەدەستگەیشت بۆ ئەوەی لە مانگە سەرماکانی زستاندا گەرم بمێننەوە.

سەرباری خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نوێی ژیاندا، منداڵانی ناو کامپەکان شوێنی سنوورداریان هەیە بۆ یاری کردن بە سەلامەتی. رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی شوێنی تایبەتی بە منداڵانی لە کامپەکاندا دروستکردووە بۆ ئەوەی منداڵەکان بتوانن یاری تیا بکەن و گوزارشت لە خۆیان بکەن. زۆر لە منداڵەکان پەنایان دەبردە بەر شوێنی پڕ خۆڵ و خاشاک بۆ دروستکردنی خلیسکێنە و عەموودی کۆنیان بۆ دروستکردنی گۆڵی فتبۆڵێن بەکار دەهێنا. بەهۆی کۆمەکی دارایی کۆمپانیای شێڤرۆنەوە، رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی چوار شوێنی یاریکردنی لە سێ کامپی هەولێر دروستدەکات لە پێناو فەراهەمکردنی ژینگەی دەرەکی کە منداڵان تیایدا بتوانن بە سەلامەتی یاری بکەن و هەستێک پەرە پێبدەن کە لە ژینگەیەکی سروشتیدان لەنێو ئەو قەیرانە بەردەوامەدا.  

گەڵف کیستۆن پەترۆلیەم هاوکاری رایز فاوندەیشن دەکات و بەڵێنی بەخشینی ١ دۆلار دەدات لە هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێنراو بۆ ماوەی یەک ساڵ لە پێناو یارمەتیدانی ئاوارەکانی سووریادا

بۆ پشتگیرکردنی هەوڵە مرۆییەکان، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن هەستاوە بە هاوکاریکردنی رایز فاوندەیشن، کە رێکخراوێکی ناحکومی بچووکە لە کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ئاوارەکانی سووریا لەرێگەی ئەنجامدانی پرۆژەی پێویست و چالاکیی چڤاتیەوە.

سەرەڕای ئەوە، گەڵف کیستۆن بەڵێنی بەخشینی ١ دۆلاری داوە لە هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێنراودا لە ١ی ئەیلولی ٢٠١٣ ەوە تاکو ماوەی یەک ساڵ بۆ پشتگیریکردنی هەوڵە مرۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەهۆی کۆمەکی دارایی و ماددی کۆمپانیای گەڵف کیستۆنەوە، رایز فاوندەیشن چەندین پرۆژەی لە کامپە جیاجیاکاندا ئەنجامداوە و بەرفراوانی کردوون. لەوانەش دابەشکردنی بڕێکی زۆری کەلوپەلە ناخۆراکیەکانی وەک چاکەت و پووتی دژەئاو بۆ ١٢٠ خێزانی تازە گەیشتوو لە کامپی گەویلان و ٢٠٠٠ عەرەبانەی دەستیی لە کامپی کەوڕگۆسک. هەروەها رایز فاوندەیشن بەرنامەی بەرفراوانی بۆ وەرزی زستان لە کەوڕگۆسک ئەنجامداوە لەوانەش چەورێژکردنی رێگاکان و باشترکردنی ئاوەڕۆ و دابینکردنی بنکەی تەختە بۆ بەرزکردنەوەی ژێری خەیمەکان و هەروەها هانی بەشداریکردنی داوە لە چالاکیەکاندا لەرێی بەرنامەی (پارە بەرامبەر کار)ەوە.

ئامانجی "پرۆژەی سەوز"، کە لە قوشتەپە دەستی پێکردووە، بریتیە لە دابینکردنی دار زەیتونێک یان دار هەنجیرێک بۆ هەر خێزانێک لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا. هەروەها پەرەپێدانی شوێنی کاتبەسەربردن بۆ گەنجان و منداڵان بەردەوامە لە کەوڕگۆسک و دەرەشەکران. رایز فاوندەیشن بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی (ئاکتد)دا خزمەتگوزاری پاراستنی منداڵان  دابینکردنی شوێنی کاتبەسەربردن بۆ گەنجان لە کامپی دۆمیز دابین دەکەن. هەروەها رایز فاوندەیشن پرۆژەی سینەما دەستپێدەکاتەوە لە چەندین کامپی ئاوارەکاندا لە کوردستان.

لە نیوەی یەکەمی ٢٠١٤ ەوە، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بڕی زۆری خواردن و خواردنەوەکانی بەخشیوە بە رایز فاوندەیشن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام دابەشی بکەن بەسەر کامپەکاندا.

گروپی خزمەتگوزاریەکانی بەڕێوەبردنی نەوت و غاز کۆمەکی چالاکیەکانی رایز فاوندەیشن دەکات لە پێناو هاوکاری ئاوارەکاندا

گروپی خزمەتگوزاریەکانی بەڕێوەبردنی نەوت و غاز (OAGSG)، کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری  یەکگرتووە، بڕیاری دا لە رێی دابینکردنی خزمەتگوزاری و کەلوپەلەوە کۆمەکی رایز فاوندەیشن بکات بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی سووریا. گروپی خزمەتگوزاریەکانی بەڕێوەبردنی نەوت و غاز ویستی دڵنیا بێت لەوەی کە گوزەرانی کارمەندانی رایز فاوندەیشن لە دۆخێکی باشدایە تاکو بتوانن ئەوپەڕی توانایان بخەنە گەڕ بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان بۆ ئاوارەکان. لەبەرئەوە، گروپی خزمەتگوزاریەکانی بەڕێوەبردنی نەوت و غاز پشتگیری و شوێنی حەوانەوەی بۆ کارمەندانی رایز فاوندەیشن دابینکردووە لەگەڵ بەکارهێنانی پاسێکی گەورەدا. هەروەها گروپی خزمەتگوزاریەکانی بەڕێوەبردنی نەوت و غاز یارمەتی رایز فاوندەیشنی داوە لە رووی کارگێڕی و راییکردنی کاروباری یاساییەوە.

کۆمپانیای هێس بڕی ٥٠٠،٠٠٠ دۆلار وەک کۆمەکی دارایی دەبەخشێت بە رێکخراوی ئای ئاڕ سی لەپێناو یارمەتیدانی ئاوارەکانی سووریادا

پێش بەخشینی کۆمەکە داراییەکەیان، کارمەندانی کۆمپانیای هێس کات و ووزەی خۆیان بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی یارمەتیدانی ئاوارەکانی سووریا تەرخانکردبوو لەو کاتەوەی قەیرانەکە رووی لە زیادبوون کرد. بەشێکی بەهۆی ئەم ئەزموونەیانەوە بوو کە کۆمپانیای هێس زۆر پشتگریان لە دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کرد. هەروەها هێس پەیوەندیەکی دوورودرێژیشی هەبوو لەگەڵ رێکخراوی ئینتەرناشنەڵ رێسکیو کۆمیتی یان (ئای ئاڕ سی)، کە یەکێکە کە رێکخراوە پێشنگەکانی پشتگیری ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش گونجاو بوو بۆ هێس تاکو بە خێرایی کۆمەکی دارایی بداتە رێکخراوی ئای ئاڕ سی تاکو چالاکیە مرۆییەکانیان جێبەجێ بکەن.

پاش راوێژکردن و پلاندانان لەگەڵ (ئای ئار سی)دا، کۆمپانیای هێس کۆمەکی دارایی بۆ پێنج دەستپێشخەری پەیوەست بە ئاوارەکانەوە دابینکرد کە زۆر گرنگ بوون بۆ ئاوارە زۆر بێدەرەتانەکان بە تایبەتی ژنان و بەساڵاچووان و منداڵان و گەنجان لەم سێکتەرانەی خوارەوەدا: پاراستنی منداڵان، خوێندن، ئاو، پاک و خاوێنی و تەندروستی، پاراستن و تواناسازی ژنان، پاراستن و تواناسازی جڤاتەکان.

دەستپێشخەری یەکەم بریتی بوو لە دابینکردنی جلوبەرگی سەرەکی لەوانەش پێڵاو و چاکەتی زستانە. هەروەها کۆمپانیای هێس پشتگیری لەو پرۆژانە کرد بۆ دروستکردنی سەکۆی گونجاو تاکو خەیمەیان لەسەر دابنرێت. بە‌هۆی دەستڕانەگەیشتنی ٩٠٪ ی منداڵانی ئاوارە بە خوێندن، کۆمپانیای هێس پێی وابوو پشتگیریکردن لە قوتابخانەی کامپەکان دەرفەتێکی گرنگە بۆ گۆڕانکاری لە ژیانی منداڵەکاندا. دابینکردنی کەلوپەل و گەرمکەرەوەکان بۆ قوتابخانەکان هەنگاوی یەکەم بوو. لە ڕووی پرۆژەی درێژخایەنەوە، کۆمەکی دارایی بۆ خزمەتگوزاری پاراستن و راوێژپێکردن بۆ ژنان دابینکرا. بەهۆی کۆمەکی دارایی کۆمپانیای (هێس)ەوە، رێکخراوی (ئای ئاڕ سی) لە توانایدا دەبێت پشتگیری بۆ نزیکەی ٣٠٠٠ ئاوارە دابین بکات.

کۆمپانیای ئێنسن ئێنەرجی سێرڤسس ٢٥،٠٠٠ دۆلار دەبەخشێت بە رێکخراوی ئێن ئاڕ سی نەرویجی بۆ یارمەتیدانی ژنانی ئاوارەی سووریا

لە کاتێکدا زۆرێک دەیانوت زستانی ئەمساڵ بەقەد زستانی پار سارد نەبووە، بەڵام بۆ خێزانە سووریەکانی نیشتەجێی کامپەکانی هەولێر، سەرمای سەختی شەوانە زۆر گران بوو لەگەڵیدا بگونجێن. لەگەڵ هەبوونی کارەبای سنووردار، خێزانەکان بە بەکار‌‌هێنانی بەتانی و جلوبەرگ و گەرمکەرەوەی گازەوە خۆیان گەرم دەکردەوە.

بەهۆی کۆمەکی دارایی (کۆمپانیای ئێنسن ئێنەرجی سێرڤسس)ەوە، رێکخراوی ئێن ئاڕ سی نەرویجی هەستا بە دابەشکردنی کەلوپەل بەسەر ژنانی ١٨ ساڵ و سەروتر لە کامپی باسرمە و هەروەها بۆ ژنانی سەرۆک خێزان و ژنی بەساڵاچوو و کەمئەندام لە کامپی کەوڕگۆسک. هەر ژنێک پاکێجێکی کەلوپەکی وەرگرت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سەرما و باراندا. هەر ژنێک چاکەتێکی زستانە و جۆتێک پێڵاو و دوو جووت گۆرەوی ئەستوور و سێ جووت جلی ژێرەوە و کەلوپەلی پاک و خاوێنی و تەرندروستی و دوو کرێم بۆ پاراستنی پێست لە ووشکی هەوا. ئەمە یەکەم دابەشکردنی لەم جۆرە بووە بە سەر ژناندا لە کامپی باسرمە. کۆی ٧١٥ ژن لە باسرمە و ٢٨٥ ژن لە کەوڕگۆسک سوودیان لەو کەلوپەلانە وەرگرتووە، سوپاس بۆ کۆمەکی بەخشندەی کۆمپانیای ئێنسن ئێنەرجی سێرڤسس.