وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم بۆ بەدواداچونى پارەى چوتیاران پەیوەندى بە وەزیرى بازرگانى عێراقەوە دەکات و بەڵێنى رەوانەکردنى پارەى گەنمى جوتیارانى لێوەردەگرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (4/10/2015)، بەڕێز (ساماڵ سەردار)، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەدواداچونى هۆکارەکانى رەوانە نەکردنى پارەى گەنمى جوتیارانى هەرێم، پەیوەندی بە بەڕێز (مەلاس محەمەد)، وەزیرى بازرگانى عێراقەوە کرد و دۆخى چاوەڕوانى و نیگەرانى جوتیارانى هەرێمى پێگەیاند کە لە کاتى خۆیدا گەنمیان رادەست کردوە، بەڵام هێشتا لە چاوەڕوانیدان و تائێستا بەشێکى پارەى گەنمى ساڵى رابردوشیان پێنەدراوە.
لە بەرامبەردا، وەزیرى بازرگانى عێراق بەڵێنى بە وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمدا بەوەى لە نزیکترین کاتدا بڕە پارەى ساڵى رابردوى گەنمى جوتیاران رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت و هاوکات سلفەیەکى پارەى گەنمى ئەمساڵیش (2015) رەوانە بکرێت، بۆئەوەى بدرێنە چوتیاران و بەرهەمى رەنج و ماندوبونیان بچننەوە.
بەپێى زانیاریەکان، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی (٦٨٣) ملیار دینارى دیکەى بۆ گەنمى تەواوى جوتیارانى عێراق تەرخانکردوە و لەوبڕەش بەشێکى بۆ جوتیارانى هەرێمى کوردستانە.