رۆژی پێنجشەممە 20-2-2020 بەرێز كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە ئامادەبوونی سوار عەزیز بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و نەوزاد ئەدهەم بەرێوەبەری گشتی بازرگانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرجەم بەرێوەبەرانی سایلۆكانی هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تیشكی خستە سەر گرنگی كاری سایلۆكان و چۆنیەتی ئامادەكاری بۆ وەرزی تەسویقی ئەمساڵ و وەرگرتنی دانەوێلەی جووتیاران، هەر لە كۆبوونەوەكەدا كە بەرێوەبەرانی سەرجەم سایلۆكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، لە گفتوگۆیەكی كراوەدا بەرێوەبەرانی سایلۆكان باسیان لە كێشە و گیرو گرفتەكانیان كرد و پێداویستی و ئامادەكاریان بۆ وەرزی تازە خستەروو، هەروەها چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی كاری سایلۆكان بووە جێگەی باس و لێكۆڵینەوە. لەلایەن خۆیەوە بەرێز وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەڵێنی چارەسەركردنی گیر و گرفتەكانی پێدان و سەرجەم بەرێوەبەرانی سایلۆكانی راسپارد كە ئامادەكاری تەواو بكەن بە مەبەستی وەرگرتنی دانەوێلە و گەنمی جووتیاران لە وەرزی دروێنەی دانەوێلەی ئەمساڵدا، هەروەها جەختیشی كردە سەر كارئاسانی تەواو بۆ جووتیاران و رەهەندی دادپەروەری ببێتە هەوێن و دەسپێكی كارەكانیان لە وەرزی تەسویقی ئەمساڵی دانەوێلەدا.
جێگەی باسە سایلۆكانی كوردستان دابەش بوون بەسەر شارەكانی (هەولێر، سلێمانی، زاخۆ، فایدە، شێخان، سەیدسادق، رانیە، رۆڤیا، چەمچەماڵ).