ئەمڕۆ دووشەممە بەرێز (ساماڵ سەردار) وەزیرى بازرگانی و پیشەسازى حکومەتی هەرێمى کوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا پێشوازى کرد لە دکتۆر (سابا ڤیزکینا) کونسوڵى گشتى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان و (ستیڤان ئیمری) جێگری کونسوڵى هەنگاریا.
لە دیدارەکەدا بەرێز وەزیرى بازرگانی و پیشەسازى تیشکى خستە سەر گرنگترین هەنگاو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هەنگاریا، هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پیشەسازى هەنگاریا تا لە هەرێمى کوردستان لەلایەن پیشەوەرانەوە سوودی لێ وەربگیرێت و کاری پێ بکرێت، دواتر لەلایەن کونسوڵى گشتى هەنگاریاوە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە کارئاسانی بۆ خاوەنکارانی هەرێم، تا بتوانن سەردانی ئەو وڵاتە بکەن و سوود لە پسپۆری کاری بازرگانی و پیشەسازى هەنگاریا وەربگرن.
هەر ئەمڕۆ بەرێز وەزیرى بازرگانی و پیشەسازى لە دیدارێکى دیکەدا پێشوازى کرد لە بەرێز (سەنا موحەمەد عەلی) بەرپرسی بازرگانی کونسوڵگەری گشتى وڵاتی میسر، لە دانیشتنێکدا لەلایەن شاندی میوانەوە سوپاسی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیان کرا، بۆ هەماهەنگى بەردەوام و هیوایان خواست کە پەیوەندى نێوان هەردوولایەن بەهێزتر بێت، پاشان تاوتوێى ئاماری قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانی نێوان هەرێمى کوردستان و میسر کرا، کە ساڵانە دەگاتە (93) ملیۆن دۆلار.