لە رۆژی 14 / 3 / 2020 بەرێز کمال مسلم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، بە ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ؍ ڵەگەڵ سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی هەرێم و سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و بەشێک لە خاوەن کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی خۆراک لە دیوانی وەزارەت کۆبۆوە .
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەست خۆشی لە بازرگانەکانی کوردستان کرد کە تاکو ئێستا بە ویژدانەوە مامەڵە دەکەن و جەختیشی کردەوە کە بازرگانەکان هاونیشتیمانی ئەو وڵاتەن وە پێویستە لەخۆ بوردوانە وەک پێشمەرگەیەک ئەمڕۆ هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان نیشان بدەن و چاویان لە قۆرخکاری نەبێت ، لە هەمان کاتیشدا رایگەیاند هەر کەسێک و لایەنێک بیەوێت قۆرخکاری بکات ئەوا لە رێگای لێژنەکانی چاودێری بازرگانی شارەکان لێپێچینەوەی یاساییان ڵەگەڵدا دەکرێت .
هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە گیر و گرفتەکانی بەردەم هاوردەکردنی خۆراک کرا و بە مەبەستی خۆپاراستنیش لە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرجەم سیناریۆکانی هاوردەکردن و رێگە چارەکان تاوو توێ کران . لە ئەنجامدا بەڕێزیان دڵنیایی تەواوی دا کە هیچ قەیرانێکی خۆراک لە کوردستان دروست نابێت .
لەلای خۆشیانەوە هەر یەک لە سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکان و خاوەن کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی خۆراک دوپاتیان کردەوە کە رۆڵەی بە ئەمەکی ئەم نیشتیمانەن و بە هیچ شێوەیەک درێخی ناکەن لە دابینکردنی پێداویستیەکانی رۆژانەی هاوڵاتیان و هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانیان لەم رۆژگارەدا زۆر لەخۆ بردوانە جێ بە جێی دەکەن .