لە چوارچێوەى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتی بیلاڕوسیا، شاندێکى باڵاى حکومەتى هەرێم کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ساماڵ سەردار وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هاوسەرۆکى شاند، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە جێگرى هاوسەرۆك، ئەندامیەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێبوار خەلیل سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان، تەها زەنگەنە بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، هیوا ئەفەندى سەرۆکى فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیارى، ئەژى عبدالقادر ڕاوێژکارى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و توفیق رحمان بەڕێوەبەرى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، سەردانی وڵاتی بیلاروسیایان کرد بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی یاداشتنامەى لێک تێگەیشتنى نێوان هەردوولا، کە لە میانی سەردانی وەزیری دەرەوەی وڵاتی بیلاڕوسیا بۆ هەرێمی کوردستان و دیداریان لەگەڵ بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم، یاداشتنامەی لێکتێگەشتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی بیلاڕوسیا لەلایەن بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و بەڕێز ڤلادیمێر مەکێى وەزیرى دەرەوە لە ١٧ ئەیلولی ٢٠١٤ ئیمزاکرا.
لە ٢٧/٥/٢٠١٥ شاندی حکومەتی هەرێم لەلایەن بەڕێز ڤلادیمێر مەکێى وەزیرى دەرەوە و بە ئامادە بوونی بەڕێزان ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەرپرسی فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کونسوڵی فەخری بیلاڕوسیا لە هەرێمی کوردستان بەڕێز فوئاد مامەند پێشوازیان لێکرا و گفتووگۆ لەبارەی پەیوەندیەکانی هەردوولا و ڕەوشی ئێستای کوردستان کرا.
پاشان کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بیلاڕوسیا بە سەرپەرشتی بەڕێزان ڤالێنتین ڕیباکۆڤ جێگرى وەزیرى دەرەوە و ساماڵ سەردار سەرۆکى شاندى باڵاى هەرێم ئەنجامدرا، بە مەبەستى واژووکردنى پرۆتۆکۆلێك بۆ هاریکارى و هەماهەنگى و گۆڕینەوەى ئەزموون و شارەزایى لە بوارەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و بازرگانى و خوێندنى باڵا و تەکنەلۆژیاى زانیارى و گەشتوگوزار و ژوورەکانى بازرگانى و پەرەپێدانى پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا.
لە میانەی سەردانەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی کۆمپانیای گەورەی وەبەرهێنانی ئۆتۆمبێلی ماز ی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایەدا کۆبووەیەوە. پاشان وەفدەکە بەڕێکەوت بۆ وەزارەتی پیشەسازی و لەگەڵ جێگری وەزیری پیشەسازی کۆبوونەوە و باس لە هەماهەنگی و هاریکاری کرا لە بواری پیشەسازی.
لە پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ، شاندەکە لەلایەن بەڕێز میخائیل ڕوس جێگرى سەرۆک وەزیرانى بیلاڕوسیا لە تەلاری ئەنجومەنى وەزیران پێشوازیان لێکرا. دواى بەخێرهێنانى شاندەکە جێگرى سەرۆک وەزیران ئەوەى دووپات کردەوە کە بیلاڕوسیا دەیەوێت پەیوەندیەکانى لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان بە تایبەتی پەرەپێ بدات و ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەى بەرزنرخاند لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش و پشتگیرى خۆی بۆ گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی دەربڕی. پاشان لەلایەن بەڕێز ساماڵ سەردار سڵاوی گەلی کوردستان گەیەنرایە حکومەتی بیلاڕوسیا و سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی بیلاڕوسیا کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتیان بۆ گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە ڕۆژی دووەمی سەردانەکدا شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی بیلاڕوسیا کۆبوونەوە، پاشان سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندیەکانی ئاژانسی نیشتمانی وەبەرهێنانی کۆماری بیلاڕوسیا کۆبوویەوە و باس لە کاری هاوبەش و چۆنێتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەردوولا کرا.
پاشان وەفدەکە لەگەڵ دامەزراوەی باڵای تەکنەلۆژیای بیلاڕوسیا کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیاری ، پوختەیەکیان لە ئەزمونی کۆمپانیا سەرکەوتووەکانیان پێشکەش بە شاندی حکومەتی هەرێم کرا، بەڕێز سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێم دیدگا و پلانی حکومەتی پێگەیاندن، خواستی حکومەتی نیشاندا بۆ ئالوگۆڕی زانیاری و هاریکاری.
لەهەمان ڕۆژدا لە بینای وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای کۆماری بیلاڕوسیا شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵای بیلاڕوسیا و بە ئامادە بوونی سەرۆکی چەند زانکۆیەك کۆبوونەوە. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی و هەرێم و وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای کۆماری بیلاڕوسیا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنێتی هاریکاری و هاوکاری یەکتر کرد و باس لە ستراتیج و پلانی هەردوو وەزارەت کرا و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزایی و تواناکانی هەردوولا، پاشان بڕیار درا یاداشتنامەی لێکتێگەشتن لە نێوان هەردوو لا واژۆ بکرێت.
لە کۆتایی ڕۆژی دووەمی سەردانەکەدا، لە بینای وەزارەتی دەرەوە و لە بۆنەیەکی تایبەتدا پرۆتۆکۆڵی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەش لەلایەن بەڕێزان ڤالێنتین ڕیباکۆڤ جێگرى وەزیرى دەرەوە و ساماڵ سەردار هاوسەرۆکى شاندى باڵاى هەرێم واژۆ کرا.
بە گشتی لەسەرجەم کۆبوونەوەکان جەخت لەسەر گرنگی پەیوەندی حکومەتی هەرێم و کۆماری بیلاڕوسیا کراو، بە ڕونی حکمومەتی بیلاڕوسیا پەرۆشی خۆیان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و پاڵپشتی خۆیان بۆ گەلی کورد و حکموەتی هەرێم دوپاتکردووە. لە بەرامبەردا شاندى هەرێم سوپاسى ئەو پێشوازیە گەرمەى لایەنی بیلاڕوسیان کرد و جەختیان لەسەر پابەندبوونى هەرێم کردەوە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیەکان لەگەڵ ووڵاتى بیلاڕوسیا و وەک لێژنەى باڵاى هاوبەش بەیەکەوە کاردەکەن بۆ دانانى نەخشە ڕێگایەک بۆ زیاتر لەیەکتر نزیکردنەوەى دامەزراوەکانى نێوان هەردوولا بۆ گۆڕینەوەى ئەزموون و شارەزایى بەتایبەتى لە بوارەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و بازرگانى و خوێندنى باڵا و تەکنەلۆژیاى زانیارى و گەشتوگوزار و ژوورەکانى بازرگانى.