وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەرپەرشتی دیدارێکی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات
جار خوێندراوهتهوه
3483 ,
07/12/2015
لە ژێر چاودێرى بەرێز (دکتۆر عەلی سندی) وەزیری بازرگانی و پیشەسازى بە وەکالەت، بە سەرپەرشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازى هەرێمى کوردستان، دیدارێکى بازرگانی و لێکتێگەیشتن لە نێوان ژوورى بازرگانی شاری غازی عەنتابی تورکیا و بە یاوەری کۆمەڵێک کۆمپانیاى ئەو وڵاتە و هەروەها ئامادەبوونی چەندین خاوەنکاران و بازرگانان ئەنجامدرا.
لە دیدارەکەدا بەرێز (عەزیز ئیبراهیم عەبدۆ) بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازى بە نوێنەری وەزیری بازرگانی و پیشەسازى وێڕاى بەخێرهاتنی میوانانان و ئامادەبووان، وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە لەسەر ستایشى رۆڵى کۆمپانیا و خاوەنکار و بازرگانانی وڵاتی تورکیا بە گشتی و شاری غازى عەنتاب بە تایبەتی کرد، پاشان باسی رەوشى ئەمڕۆی بواری بازرگانی هەرێمى کوردستان و چۆنیەتی زیاترکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕى بازرگانی و کاڵاو شت و مەک و هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموون و کاری هاوبەشى کۆمپانیا تورکییەکان بۆ میوانان و ئامادەبووان روونکردەوە. لە کۆتایی قسەکانیدا، ئامادەیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی نیشاندا بۆ ئاسانکاری و هەماهەنگی لەگەڵ خاوەنکاران و بازرگانان و کۆمپانیایەکانی تورکیا، تا بتوانن لە هەرێمى کوردستان پەرە بە کارەکانیان بدەن و هاوکاری هاوبەش و ئاراستەیەکی باشتر لە کارەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەرەو ئاستێکى بەرزتر هەنگاو بنێت.