ئەمڕۆ ٢٠١٥/٥/٢٨ بە ئامادەبوونى جەنابى جێگرى سەرۆكى حكومەتى كوردستان و ژمارەيەك لە وەزير و پەرلەمانتار و راوێژكار و بەڕێوەبەرى گشتى سايلۆى سيدصادق كرايەوە , لە سەرەتاى رێوڕەسمەكەدا بەڕێز فەرهەنگ خالد بەڕێوەبەرى گشتى ديوانى وەزارەتى بازرگانى و پيشەسازى لە برى وەزيرى بازرگانى و پيشەسازى وتارێكى پێشكەشى ئامادەبووان كرد كە تيايدا گرنگى و بايەخى سايلۆى خستە ڕوو بۆ پاراستنى ئاسايشى خۆراك و ستراتيژيەتى وەزارەتى بازرگانى ڕونكردەوە كە لە پلانى وەزارەتدا هەيە ئاستى تواناى هەڵگرتنى دانەوێڵە بەرز بكرێتەوە بۆ يەك(١,٠٠٠,٠٠٠) مليۆن تۆن .
دواتر بەڕێز قوباد طالبانى وتارێكى پێشكەش كردو تيايدا جەختى كردەوە لەسەر گرنگى پرۆژەكە و پلانى حكومەت بۆ بووژاندنەوەى ژێرخانى ئابوورى و جووتيارانى دڵنياكردەوە لە دابينكردنى پارەى گەنمى ئەو جووتيارانەى كە تا ئێستا پارەى گەنمى ساڵى پاریان وەرنەگرتووە.
شايەنى باسە سايلۆى سيدصادق تواناى هەڵگرتنى بڕى چل (٤٠٠٠٠) هەزار تۆن دانەوێڵەى هەيە و لە چەند رۆژى داهاتوودا دەست بە وەرگرتنى بەرهەمى دانەوێڵەى ئەمساڵ دەكرێت .
جێگاى ئاماژەيە ئێستا سايلۆكانى هەرێمى كوردستان تواناى هەڵگرتنى سێسەد(٣٠٠٠٠٠) هەزار تۆن دانەوێڵە یان هەيە.