رۆژی پێنچشەممە رێكەوتی 6-2-2020 شاندێكی كونسولگەری كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی كرد.
لەلایەن بەرێز كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە (نەسروڵا رەشنودی) سەركونسوڵی ئێران كرا، لە دانشتنێكدا كە بەرێزان فەتحی موحەمەد عەلی راوێژكاری پەیوەندییەكان و شێخ ئاراس رەئووف بەرێوەبەری گشتی پەرەپێدانی پێشەسازی و سوار عەزیز بەرێوەبەری گشتی پلاندانان ئامادەبوون، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەكان، بەرێز وەزیری بازرگانی وپیشەسازی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو پەیوەندییە بازرگانیانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، هیوای خواست بازرگانانی ئێران بە كاڵای كواڵێتی بەرزەوە بازاڕەكانی هەرێم دەوڵەمەند بكەن.
دواتر لەلایەن سەركونسوڵی ئێران سوپاسی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كرا لەسەر هەماهەنگی و بەدەمەوە هاتنی بازرگانانی ئێران كە لە هەرێمدا سەرمایە و كاڵاكانیان بەگڕدەخەن، لە كۆتاییدا بەرێزیان داوایان كرد كە سەنتەرێكی بازرگانی هەمیشەیی بۆ كاڵاكانی ئێرانی لە هەولێر بكرێتەوە.