وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى: بۆ زیادکردنى سەرچاوەى داهات، پێویستمان بە یاسا و رێنمایى نوێیە
جار خوێندراوهتهوه
2445 ,
30/09/2015
وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئاماژە بە پێویستى دەرکردنى یاسا و رێنمایى نوێ دەکات لەپێناو رزگاربوون لە یەک سەرچاوەیى داهات بۆ هەرێم، داواى هاوکارى و راوێژیش لە بانکى نێودەڵەتى جیهانى دەکات بۆ پێشخستنى کەرتى پیشەسازى و بازرگانى.
ئەمڕۆ چوارشەممە (30/9/2015)، بەڕێز (ساماڵ سەردار)، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى بانکى نێودەوڵەتى جیهانى کرد کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى پێشخستنى ئابوورى هەرێمى کوردستان سەردانیان کرد.
وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى، لە کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندەکە دۆخى هەرێمى کوردستانى روونکردەوە و ئاماژەى بە پێویستى رێکخستنى بازاڕ و کەرتى پیشەسازى کرد لەپێناو رزگاربون لە یەک سەرچاوەى داهات بۆ هەرێمى کوردستان و وتیشى: "ئەوەش لەرێى گۆڕینى یاسا کارپێکراوەکان و دەرکردنى یاسا و رێنمایى نوێ و مۆدێرن دەبێت، لەگەڵ درووستکردنى دامەزراوەى تایبەتمەند کە خەڵکانى پسپۆڕ و شارەزا بەڕێوەى بەرن بۆ زاڵبون بەسەر ئەو ئاستەنگانەى لەبەردەم پێشکەوتنى کەرتى پیشەسازى و بازرگانیدان".
هەروەک داواى هاوکارى و دابینکردنى راوێژکارى شارەزاى لە تیمى بانکى نێودەوڵەتى کرد کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتى پلاندان هەیە و تێچوى ساڵانەى گرێبەستەکە لەسەر حکومەتى هەرێم چەندین ملیۆن دۆلارە و بۆ پێشخستنى کەرتە جیاوازەکان ئەنجامدراوە.