English عربى كوردی
نوێترین میكانیزم بۆ هەڵسەنگاندنی كۆمپانیا و كارگەكانمان : بەرنامەی SPX benchmarking بە هاریكاری UNIDO نوسینی : ئەندازیار / فاروق حسین محمد*

جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ 734 , 15/05/2012

- SPX چیە؟ ئەو ووشەیە كورتكراوەی Subcontract and Partnership Exchange ، واتە گۆڕینەوەی هاوبەشی و گرێبەستی لاوەكی ، كە یەكێكە لە بەرنامەوكارەكانی سەنتەری پەرەپێدانی پرۆژەكان كە لە ساڵی 2008 ەوە لە بەغداد و هەولێر و ناصریە، رێكخراوی یونیدۆ دایمەزراندن ، بە مەبەستی خزمەت گەیاندن بە پرۆژە بچووك و مام ناوەندەكان كە ئێستا هەن و خاوەن پرۆژەكانی داهاتووش. سەنتەری پەرەپێدانی پرۆژەكانی هەولێر ، لە ساڵی پارەوە بارەگاكەی لە ژووری بازرگانیەوە گواسترایەوە بۆ ناو باڵەخانەی بەرێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتمان . و بە شێوەیەكی چالاكانەتر كارەكانی رادەپەرێنێ. جا وەك ووتمان یەكێك لەكارەكانی بریتیە لە پرۆژەی SPX و سەرەتا ئەوەبوو ساڵی پار 2011 پرۆفایلمان بۆ 130 پرۆژەو كۆمپانیای پیشەسازی لە سەكتەرەجیاوازەكان دروستكرد و ئێستا لە قۆناغی بێنچماركێنگداین. - پێناسەی بێنچماركینگ ووشەكە تەكنیكیە Benchmarking ، لە وەرگێرانی بۆ عەرەبی كراوە بە ( المقارنە المرجعیە) و بۆ كوردیش دەتوانین هەر ووشەكە خۆی بە ئینگلیزی بەكاربهێنینەوە و چەمكەكەی حاڵی ببین كە ئامرازێكی نوێیە بۆ هەلسەنگاندنی هەر رێكخراوێك (كە ئێمە لێرەدا رێكخراو مەبەستمان كارگە و كۆمپانیا پیشەسازیەكانە) بە بەراورد كردن بە رێكخراوی تری وەك خۆی و هاوتاكانی. تا ئاست و تواناو خاڵە لاواز و بە هێزەكانی دەستنیشان بكەین و پاشان كاربكەین بۆ پێشخستنی خاڵە بەهێزەكان و چاككردنی لاوازیەكان تا بگەنە ئاستی كۆمپانیا هاوتاكانیان لە ئاستی جیهاندا. - میكانیزمی كار بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی كارگە پیشەسازیەكانی هەولێر وەك ئاماژەم پێكرد كە ئێمە ساڵی پار لە 2011 پرۆفایلمان بۆ 130 كارگەو كۆمپانیای پیشەسازی دروست كردووە، سەرەتا بە هاوكاری یونیدۆ ، لەو 130 كارگەیە ، نزیكەی 30 كارگەیان بێنچماركینگیان بۆ دەكەین . ئەویش لە رێی ئاراستەكردنی زیاتر لە 100 پرسیار لەو كارگانە ، بە هاوكاری خۆشمان لەگەڵیان وەڵامەكانی ئەو 100 پرسیارە وەردەگرینەوە و داتاكان دەخرێنە ناو داتا بەیسی كۆمپانیای Winning Moves ی بەریتانی ، كە كۆمپانیایەكی پسپۆرە لە هەڵسەنگاندنی كۆمپانیادا و بە پێی گرێبەستێك لەگەڵ یونیدۆ ئەو كارە بۆ عێراق و چەند ووڵاتێكی تر ئەنجام دەدات. لە ناو داتا بەیسی ئەو كۆمپانیا بەریتانیەدا ، داتا لەسەر زیاتر لە 350 هەزار كۆمپانیا لە چەندین ووڵاتانی جیهاندا هەیە ، جا ئێمە هەوڵدەدەین بەراوردێك بكەین لە نێوان كارگە پیشەسازیەكانی خۆمان و هاوتاكانیان و بەو بەراووردە هەقیقەتی ئاستی كارگەكانی خۆمان بۆ دەردەكەوێت و ئەو كاتە دەزانین كە خاڵە لاواز و بەهێزەكانی كارگەكانی خۆمان چین و گرفتی هەقیقیان چیە و بەرنامەی داهاتووشمان بۆ پێشخستنی ئەو كارگانە لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنانە دادەرێژین . ئامرازی بێنچماركینگ بۆ هەڵسەنگاندن ، پشتی بەستووە بە ئامرازێكی هەڵسەنگاندنی ستراتیژی ناسراوی تر كە پێی دەڵێن Balanced Score Cart ، كە كورتكراوەكەی BSC یە . كە چوار كارتە و هەركارتەش لە چوار ستوون پێكدێت , كە لە چوار ئامانجی هاوسەنگدا دیاری دەكرێت تا كۆمپانیا بتوانێت لە ئاستی كێبركێ بە بەردەوامی بمێنێتەوە كە ئەوانیش لەبارەی ئەمانەن: ( دارایی Financial ، كریارەكان Customers ، كارەكانی ناوخۆی كارگە Internal Business Process ، توانای فێربوون و داهێنان Innovation and Learning) . جا پرسیارەكانی ئێمەش لەبارەی ئەو چوار بابەتەیە. بەشی یەكەم بە ژمارە وەلام دەدرێنەوە و بەشی دووەمیش بە خاڵە واتە بەپێی تەخمین و خەمڵاندنە. و تا كوالیتی وەڵامەكان زیاتر بێت ئەنجامەكان باشتر دەبن . هەنگاوەكانی بێنچماركینگ لە هەنگاوەكانی ئامرازی بێنچماركینگدا ، دوا هەنگاو بریتیە لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی پلانی چاككردن و پێشخستنی كارگەكە كە لە ئەنجامی هەلسەنگاندنەكەوە دەستنیشان دەكرێت . ئامانجیش ئەوەیە كە چۆن بەرهەمی خۆماڵی ئەو كارگانە بگەنە ئاستێك لە كوالیتی و كەمی تێچوون كە بتوانن مونافەسەی بەرهەمە دەرەكیەكان بكەن و خواستەكانی ناوخۆی هەرێم و عێراق دابین بكەن . - هۆی چیە كە كارگە و كۆمپانیا ناوخۆییەكان ناتوانن كێبركێی بەرهەمی هاوردە بكەن ! لە راستیدا ئێمە دەزانین كە لاوازی ژێرخانی ئابووری (البنیە التحتیە) و نەبوونی كارەبا و ئاو و رێگای گواستنەوە و سوتەمەنی وەك پێویست ، كاریگەریی هەیە لەسەر بەرهەمە خۆماڵیەكانمان كە ناتوانن مونافەسەی هاوردە بكەن ، بەلام دەبێت دڵنیا بین هۆكاری تری ناوخۆیی و كەمتەرخەمیش هەیە و دەبێت ئەو هۆكارانەش دەستنیشان بكەین و چارەیان بۆ بدۆزینەوە. و ئەم بەرنامەیەش چاكترین رێگایە بۆ دەستنیشانكردنی هەڵەو كەمتەرخەمیەكان بە شێوەیەكی زانستیانە و بەتایبەتی لە داهاتوودا كە ئومێدمان وایە بیانووی لاوازی ژێرخانی ئابووری بەتەواوی نەمێنێ. بەڵام دەتوانین چەند هۆكارێكی تریش هەیە ئاماژەیان پێبكەین لەوانەش : - سەرهەڵدانی دیاردەی قۆرخكاری بازار و نەبوونی یاسا و رێسا و سیستمێكی مونافەسەی رەوا. - خاوەن سەرمایەكان لە كوردستاندا ، كاتێ سەرمایەكانیان دەخەنە هەر پرۆژەیەك دڵنیانیین و دەیانەوێت بە كەمترین كات سەرمایەكانیان بۆ بگەرێتەوەو ئەوەش ناچاریان دەكات بە هامشی قازانجی كەم رازی نەبن و نرخی بەرهەمەكانیان مونافەسەی هاوردە ناكات. بەڵام دەبێت دان بەو راستیەشدا بنێین كە هۆكار و كەمتەرخەمی تریش هەیە كە دەتوانرێ چاك بكرێت، جا لە رێی ئامرازی بێنجماركینگ ەوە دەمانەوێت ئەو خألانە دیاری بكەین و چارەیان بۆ پێشنیار بكەین. * بەرێوەبەری پاراستنی كێبركێ و بەكاربەر لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی


ناونیشان

Iraq, Erbil
هه‌ولێر
سلێمانى
دهۆك
کەرکوک

فه يسبووك

ئيمێڵى فه‌رمانبه‌ران

7904 ميوانى ئيمڕۆ
1647589 گشت ميوانه‌كان