English عربى كوردی
وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى روونکردنەوە سەبارەت بە تەڕبوونى گەنم دەدات

جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ 1497 , 13/09/2015

بۆ/ کەناڵەکانى راگەیاندن و راى گشتى
رونکردنەوە
دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابردودا شەپۆلێکى باران بارینى چاوەڕواننەکراو هەرێمى کوردستانى گرتەوە و بەهۆیەوە بەشێک لە گەنمى جوتیاران تەڕبوو، ئەوەش کاردانەوەى لێکەوتەوە، بەپێویستى دەزانین بۆ بەرچاوڕوونى هاوڵاتییان و جوتیارانى هەرێمى کوردستان ئەم روونکردنەوەیە بدەین بۆئەوەى دڵنیایى بدەین کە ئەو دۆخە زیانى ئەوتۆى نەبوە و هەوڵ و پلانەکان بەردەوامن بۆ هەڵگرتنى گەنمى وەرگیراو بەشێوەى زانستى:
- لە سەردەمى رژێمى پێشودا گرنگى نەدراوە بە دروستکردنى پڕۆژەى ستراتیژى لە شارەکانى هەرێمى کوردستان لەوانە دروستکردنى سایلۆ، بەو هۆیەوە پێشتر تواناى هەڵگرتنى بڕى تەنها (31) هەزار تەن گەنم هەبوە، بەڵام لەماوەى رابردودا بە هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمى کوردستان بەجێبەجێکردنى چەند پلانێک و دروستکردنى سایلۆى نوێ تواناى وەگرتن و هەڵگرتنى گەنم بۆ زیاتر لە (580) هەزار تەن بەرزکردوەتەوە.
- یەکێک لە پلانەکانى دیکەمان بۆ عەمبارکردنى گەنم بە تێچووى کەم و تەواوبوونى ماوەیەکى کەم، دروستکردنى (31) پەنکەر بوو لە ناو سایلۆکانى هەرێمى کوردستان کە دەبوایە لە سەرەتاى مانگى (8) تەواو بکرنایە، کە بەهۆى قەیرانى دارایی و نەبوونی بودجەى پێویست ئەو کارە تاڕادەیەک دواکەوت، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئەو (پەنکەر)انە لە پارێزگاى هەولێر و دهۆک تەواو بوون و گەنمیان تێدا هەڵدەگیرێت و ئەوانەى پارێزگاى سلێمانیش لە چەند رۆژى داهاتوودا گەنمیان تێدەکرێت.
بودجەى دروستکردنى ئەو پەنکەرانە کە سودى زۆریان هەیە بۆ هەڵگرتنى گەنم و پاراستنى لە خراپبون، لە پارەى فرۆشتنی "کەپەک" دابینکراوە، کە پێشتر ئەو پارەیە بەبێ هیچ هۆکارێکى یاسایی گەڕێنراوەتەوە بۆ بەغدا، واتە لە دەرەوەى بودجەى هەرێمى کوردستاندا بووە، بەڵام کاتێک داهاتی فرۆشتنی کەپەک داخلی حیسابی بانکەکانی هەرێم کراوە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ پێداویستی دیکەى رۆژانەى حکومەت سەرفکراوە، هەر ئەوەش بوەتە هۆى ئەوەى سلفەى بەڵێندەرەکان لە کاتی خۆیدا نەدرێت و تەواوبوونی پرۆژەکانی (پەنکەر) بۆ زیاتر لە مانگێک دوابکەوێت.

- قەیرانی دارایی و نەبوونی سیۆلەى نەقدی لە بانکەکان وایکردووە کە نەتوانین چادر و داپۆشەرى پێویست بۆ داپۆشینى گەنمى ئەمسالڕ دابین بکەین، بۆ چارەسەرى ئەو پرسەش بە فەرمى و لە کۆبونەوەکانیشماندا داوامان ئاڕاستەى وەزارەتى بازرگانى عیراق کردووە، بۆئەوەش  بەڵێنى چارەسەر کردن و دابین کردنى پێداویستیەکانیان داوە بە زووترین کات.

- ساڵانە بەپێی پەیڕەو و پرۆگرام و پلانی تایبەت، بەرووبوومی دانەوێڵە لە هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە، بەڵام نزیکەى دوو ساڵە بە هۆى شەڕی داعش و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کەمترین بڕى گەنم گواستراوەتەوە پارێزگاکانى دیکەى باشوورى عیراق، ئەوەش بوەتەهۆى کۆبوونەوەى رێژەیەکی زۆری گەنم و جۆ لە عەمبارەکانى هەرێمى کوردستان.

- سەربارى ئەوانەش ساڵانە بەپێی رێنمایی کە لە بەغداوە پێمان دەگات، دەبێ لە (١٥/9) گەنم دابپۆشرێت، تا لە کاتێکى درەنگ دابپۆشرێت، ئەوەش بە مەبەستی تێکنەچوونی گەنمە بەهۆى (گەرما)وە، چونکە ئەگەر بەر لەو وادەیە دابپۆشرێت دوبارە مەترسى خراپبونى لەسەر دەبێت، بەڵام ئەمسالڕ بەهۆى گۆڕانکارى چاوەڕواننەکراو لە کەش و هەوا باران بارین پێشکەوت جگە لەوەش ئەو پرۆسەیە لەلایەن بەغداوە سەرپەرشتی دەکرێت، هەر لە وەرگرتنی گەنم و هەڵگرتن وگواستنەوە و پێدانی پارەى جووتیارانیش لە ئەستۆى وەزارەتی بازرگانی حکومەتى عیراقە، بەڵام ئێمە هەمیشە چاودێرى ورد و بەدواداچوونى بەردەوامى پرۆسەکەمان کردوە بۆ پاراستنى هەڵگرتنى گەنم و وەرگرتنى مافى جوتیاران لە هەرێمى کوردستان.

- بۆ بەرچاوروونى راى گشتى، ئەمسالڕ وەرگرتنی گەنم بەراوررد بە ساڵى رابردوو بە رێژەى لە (30%) زیادیکردووە، واتە لە (700) هەزار تۆنەوە بەرز بۆتەوە بۆ زیاتر لە (912) هەزار تۆن، هەرچەندە بە تەواوبوونى سایلۆکانى پیرەمەگروون و سەیدێادق، وە دروستکردنى (31) پەنکەر لە هەرێمى کوردستان ڕێژەى عەمبارکردنى گەنم زیاتر لە (220) هەزار تەن گەنم لەچاو ساڵى پار زیادیکردووە

- هەوڵەکانى وەزارەتى بارزگانى و پیشەسازى بەردەوامە بۆ دروستکردنى سایلۆى نوێ بۆئەوەى ساڵانە بڕى زیاترى گەنمى جوتیاران وەربگیرێت و لە شوێنى پارێزراو هەڵبگیرێت، بۆئەوەش دروستکردنى سایلۆى رانیە، کە تواناى هەڵگرتنی (40) هەزار تۆن دانەوێلەى هەیە لە جێبەجێکردن و قۆناغەکانی کۆتایی تەواوبوندایە و بڕیار وایە لە سەرەتاى مانگى (10)ى ئەمساڵ وەربگیرێت، هەروەک پڕۆژەى  دو سایلۆى دیکە لە چەمچەماڵ و پارێزگاى دهۆک لە جێبەجێکردندان کە هەریەکەیان تواناى هەڵگرتنى (40) هەزار تەن گەنمیان هەیە و پلان هەیە بۆ دروستکردنى سایلۆى دیکەش لە کەلار و هەڵەبجە و زاخۆ و ....هتد بەڵام لە ئێستادا بە هۆى قەیرانى داراییەوە ناتوانین جێبەجێى بکەین،هەوڵ دەدەین رێگە چارەى ترى بۆ بدۆزینەوە.
وێڕای خستنەڕووی ئەو روونکردنەوانە، دڵنیایى دەدەینە خەڵکی کوردستان و جووتیاران، کە ئەو شەپۆلى باران بارینەى رۆژانی رابردوو زیانی ئەوتۆی لە گەنمى جوتیاران نەداوە، چونکە لە رووی زانستیەوە گەنم لەبنەوە تەڕ ببێت زیانی پێدەگات، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو بارانەوە بڕێکى گەنم لەسەرەوە تەڕ بووە بە تویژاڵێکی کەم، ئەوەش بەهۆی بوونی هەوا و گەرمایەکی کەمی تیشکی خۆر وشک دەبیتەوە و  زیانی نابێت.



بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییەکان و راگەیاندن  



ناونیشان

Iraq, Erbil
هه‌ولێر
سلێمانى
دهۆك
کەرکوک

فه يسبووك

ئيمێڵى فه‌رمانبه‌ران

7903 ميوانى ئيمڕۆ
1647588 گشت ميوانه‌كان