وەزیری گواستنەوە و گەیاندن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی هەولێر دەکات.
بە مەبەستی ئاگاداربوونی زیاتر لە کار و رەوشی کەرتی پۆستەی حکومی و جوڵەی ئەم کەرتە خزمەتگوزارییەی گشتییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن به یاوهرى (ئازاد عمر موسا) بهڕێوهبهرى گشتى دیوان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی هەولێر و سەنتەری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەی کرد.
دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێۆەبەرایەتی پۆستەی هەولێر و بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەشەکان، هەڵسەنگاندن بۆ جوڵەو کارەکانی کەرتی پۆستەی حکومی کراو باس لە کارەکان و پێویستی و پلانی کارو بەرهەمی زیاترو باشتر کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرو کارمەندانی پۆستە ، بە سەربازی ون ناوی بردن و تەئکیدی کردەوە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا زۆر گۆڕانکاری بەسەر بایەخ و ڕۆڵی کەرتەکانی خزمەتگوزاریدا هاتووە، بەڵام کەرتی پۆستە یەکێکە لەو بوارانەی وەکو پێویستیەکی گرنگی ژیان ، بەردەوامەو خەڵک لە سەرانسەری جیهان پێویستیان پێی هەیەو دەبێت بەردەوام پێشبخرێت.
هەروەها رایگەیاند، جێگای خۆشحاڵی و دەستخۆشیە لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆستە و گەیاندن و سەنتەری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە، خزمەتگوزاری ناردن و وەرگرتنی پۆستە بۆ ناوخۆو دەرەوە بە جۆرێک لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهانە بەڕێوەدەچێت.
پاشان تەئکیدی لەسەر پاراستن و سەلامەتی تەندروستی کارمەندانی پۆستە کردەوە لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا covid19 چونکە بەو پێیهی شێوازی کارەکەیان زیاتر ئەگەری تووش بوونیان هەیە بەم پەتایە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن سوپاسی گشت کارمەندانی پۆستەی کرد کە پەتای کۆرۆنا نەبووە رێگر لەبەردەم کارەکانی پۆستەو لە خۆبووردوانە خزمەتی هاووڵاتیانیان کردووەو ئاڵوگۆڕی پۆستە بۆ ناوخۆ و وڵاتانی جیهان بەردەوام بووە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن تەئکیدی کردەوە، پێشخستنی بەردەوام و زیاتری ئەم کەرتە خزمەتگوزارییە گشتیە، بەشێکی گرنگ دەبێت لە پلان و کارنامەی وەزارەت و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.















|