
ئەمڕۆ ١٤/٦/٢٠١١ کۆنفرانسی نیشتیمانی لامەرکەزیەت و حوکمی خۆجێی لە هەولێر بەڕێوەچوو. لە کۆنفراسەکەدا هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێکی تری باڵا لەلایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، هەروەها لەلایەنی حکومەتی فیدارڵەوە هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر عەلی شاکر وەزیری پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ و دکتۆر سەڵاح عبدالرزاق پارێزگاری بەغداد و چەند بەپرسێکی تری باڵای حکومەتی عێراقی ئامادەبوون.
لەسەرەتادا بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە میوانەکان کرد و هیوای بەسەربردنی کاتێکی شادی بۆ خواستن لە هەولێر. پاشان بەڕێز دکتۆر عەلی شاکر، وەزیری پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکە و رێکخستنی کۆنفرانسەکە.
دواتر بەڕێز دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانان لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی لامەرکەزیەت کرد بۆ سیستەمی حوکمڕانی دیموکراسی، هەروەها تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانان بۆ توانادارکردنی پارێزگاکان. لەکۆتایدا وەزیری پلاندانان کورتەیەکی پێشکەشکرد لەسەر پرۆژەیەکی وەزارەتی پلاندانان بۆ بەشداریپێکردنی هاووڵاتیان لە پرۆسەی بڕیاداندا، دووپاتیشی کردەوە کە لە ساڵانی داهاتوودا پرۆژەی لەم جۆرە زیاد دەکرێت بەئامانجی زیادکردن بەشداری هاووڵاتیان لە بڕیارداندا لەسەر ئەو پرۆژانەی کاریگەری راستەوخۆیان هەیە لەسەر ژیان و گوزەرانیان.
بەڕێز دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح وتەکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و تێیدا جەختیکردوە لە گرنگی هاوکاری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا و سەرخستنی پرۆژەی لەم جۆرە، هەروەها ئاماژەی کرد بۆ پێداویستی بەکارهێنانی دەستوری عێراق وەک بنەما بۆ هەموو کارەکانی حکومەت.
جێگەی ئاماژەیە کە کارەکانی کۆنفرانسی نیشتیمانی دوو رۆژ دەخایەنێت و چەند بابەت و لێکۆڵینەوەیەک لەسەر لامەرکەزیەت و بەربەستەکانی لە عێراق و هەرێم لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێم و دەزگای ناوەندی ئاماری بەغدادەوە پێشکەش دەکرێن. هاوکات کۆمسیۆنی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆرئاوای ئاسیای سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNESCWA) لایەنی هاوکار و رێکخەری ئەم کۆنفرانسەیە.