ئەمڕۆ
٢٥/١٠/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد
لە خاتوو (فیۆنا مەکلونی) بەرپرسی نووسینگەی هابیتات لە هەرێمی کوردستان.
لەسەرەتای
کۆبوونەوەکەدا خاتوو مەکلونی باسی لە پلانی رێکخراوی هابیتات کرد بۆ ساڵی ٢٠١٢، کە
بایەخی زیاتر دەدات بە کەرتی نیشتەجێبوون و ژێرخان و پلاندانانی شارستانی. هەروەها
ئاماژەیدا بە کردنەوەی یەکەیەکی راهێنان بۆ پلاندانەرانی شارستانی لە وەزارەتی
شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ پلاندانانی شارستانی.
وەزیری
پلاندانان کۆمەڵێک سەرنجی پێشکەش کرد لەسەر پلانی ساڵی ٢٠١٢ی هابیتات و داوایکرد
کە بایەخی زیاتر بدرێت بە پەرەپێدانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بوارەکانی
ئاو و ئاوەڕۆ و رێگاوبان و قوتابخانە بەتایبەتی، بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیاری کرد
لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش ئەنجام بدرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و چۆنێتی
چارەسەرکردنیان.