ئەمڕۆ ١٥/٥/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە شاندێکی فراوانی ئەڵمانی، کە پێکهاتبوو لە نوێنەری چەندین کۆمپانیای ئەڵمانی لە کەرتە جیاوازەکاندا.

سەرەتا وەزیری پلاندانان کورتەیەکی پێشکەشکرد لەسەر کار و چالاکییەکانی وەزارەت و هەلومەرجی وەبەرهێنان و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان. هەروەها گوتی کە هاتنی کۆمپنیا ئەڵمانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخە و وەزارەتی پلاندانان هەموو هاوکاری و کارئاسانییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان.
ئەندامانی شاندەکە باسیان لە باڵادەستی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان کرد کە بۆتە هاندەر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هاتنە ناو بازاڕی کوردستان. کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیش لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەشداریکردنی کارا لە پرۆسەی پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان لەڕێگای وەبەرهێنان یان بازرگانییەوە. ئەندامانی شاندەکە ئومێدیان خواست ئەم سەردانە هەنگاوێک بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و کوردستان.