
رۆژی ٧/٣/٢٠١١ دەزگای راند بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆنفرانسێکی بەرفراواندا دەرئەنجامی چوار لێکۆڵینەوەی راگەیاند. دەزگای راند رێکخراوێکی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی ناسراوە کە لە چەندین وڵات لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەنجامداوە لە بوارە جیاوازەکاندا. لە کۆنفرانسەکەدا وەزیری پلاندانان، وەزیری پەروەردە، وەزیری تەندروستی و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و چەندین بەپرسی باڵای وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بەشداربوون.
دەزگای راند ماوەی ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنە بۆ کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، کەرتی تایبەت، و کۆکردنەوەی داتا. لە کۆنفرانسەکەدا لێکۆڵەرەوەکانی راند ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانیان راگەیاند و چەند پێشنیار و راسپاردەیەکیان پێشکەشی حکومەتی هەرێم کرد.
مەبەستی ئەم پرۆژەیە بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و هاندانی زیاتری کەرتی تایبەتە، هەروەها لەڕێگای کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەوە بەشێوەیەکی رێکخراو دەزگاکانی حکومەت دەتوانن بڕیاری دروست بدەن لەسەر بنەمای زانیاری.