ئەمڕۆ ٩/٥/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە شاندێکی یەکێتی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی بەڕێز (یۆبست ڤان کیرخمان)، بەڕێوەبەری هاوکارییەکانی شاندی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق. شاندەکە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەکانی یەکێتی ئەوروپا چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات لە وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو چوار بوارەی پرۆژەکانی یەکێتی ئەوروپا کە بریتین لە: تەندروستی، کۆچ و کۆچبەران، خوێندنی یاسایی، کۆمەڵگەی مەدەنی.

شاندەکە کورتەیەکیان پێشکەشکرد لەسەر تەوەری سەرەکیی پرۆژەکانیان: لە بواری تەندروستیدا، یەکێتی ئەوروپا چەندین راهێنانی پێشکەش کردوە کە کارمەندانی تەندروستی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتوە، لە پرۆژەکانی داهاتووشدا، پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و فریاگوزاری سەرەتایی لە هەرێمی کوردستان بەشێک دەبن لە پرۆژەکە. لەبواری خوێندنی یاساییدا، یەکێتی ئەوروپا هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات بۆ پەرەپێدانی مەنهەجە یاساییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان. لەبواری کۆچ و کۆچبەراندا، یەکێتی ئەوروپا هاوکاری حکومەتی هەرێم دەکات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان و ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان. لەبواری کۆمەڵی مەدەنیدا، یەکێتی ئەوروپا هاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و حکومەتی هەرێم دەکات لە هەوڵەکانیاندا بۆ دروستکردنی کەشوهەوایەکی دیموکراسی کە لەسایەیدا ئەم رێکخراوانە بتوانن پێشبکەون و خزمەتی کۆمەڵگە بکەن.
وەزیری پلاندانان سوپاسی شاندەکەی کرد و هاوکاری بەردەوامی وەزارەتی پلاندانانی بۆ دووپات کردنەوە لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان. وەزیری پلاندانان پێشنیاری کرد کە لە داهاتوودا یەکێتی ئەوروپا نووسینگە لە هەولێر بکاتەوە تا بتوانن راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆژەکانیان بکەن. هەروەها ئامادەباشی وەزارەتی پلاندانانی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.