ئەمڕۆ ١٧/٤/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشیوازیکرد لە وەفدێکی باڵای رێکخراوی هاوکاری نێودەوڵەتی یابان(جایکا) کە بە سەردانێکی چەند رۆژی لە هەرێمی کوردستانن بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاسایش لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی. سەرۆکی شاندەکە، بەڕێز (ماکۆتۆ تانیگوشی) وتی کە پاش سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دڵنیابوون لەوەی کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیرە.

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەدا کە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەلومەرجی سەقامگیر و ئارامی هەرێمی کوردستان رێخۆشکەرن بۆ ئامادەیی بەرچاوی لایەنە بیانییەکان و زیادبوونی بەردەوامی وەبەرهێنان. هەروەها باسی لە گرنگی ئەو پرۆژانە کرد کە رێکخراوی جایکا لەسەر راسپاردەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسعود بارزانی، لە کەرتی کشتوکاڵدا ئەنجامی دەدەن.
شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەو پێشکەوتنە بەرچاوەی هەرێمی کوردستان و باسیان لەوە کرد کە هەمووان شاهیدی ئەوە دەدەن کە ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان باڵادەستە، ئەمەش هانیان دەدات بەردەوام بن لە ئەنجامدانی پرۆژەکانیان و پێشکەشکردنی هاوکاری زیاتر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها وتیان کە لەمیانەی پرۆژەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵدا، ئەمساڵ چەند شارەزایەکی یابانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆئەوەی راستەوخۆ لە پرۆژەکاندا کاربکەن.
لەکۆتایدا وەزیری پلاندانان پێشنیاری کرد کە لە داهاتوودا پرۆژەی هاوبەش ئەنجام بدرێت لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی یابانی، چونکە ئەم جۆرە پرۆژانە ئاستی بەرپرسیارێتی لەسەر هەدوولایەنی هاوکار بەرزدەکاتەوە.