ئەمڕۆ ٤/١٠/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە شاندێکی حکومی ئەمریکی بەسەرۆکایەتی بەڕێز (ئەلێکس دیپری) جێگری بەڕێوەبەری نێردەی ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (USAID)، بەیاوەری (ئەلێکس لاسکارێس) کونسوڵی گشتی وڵاتە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان.
سەرەتا سەرۆکی شاندەکە باسی لە خواستی حکومەتی ئەمریکا کرد بۆ بەردەوامبوون لە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاماژەیدا بە داواکارییەکی کۆنگرێسی ئەمریکی بۆ درێژەدان بە جێبەجێکردنی پرۆژەی زیاتر لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بونیاتنانەوەی زیاتری وڵات. سەرۆکی شاندەکە باسی لەو بوارانە کرد کە جێگەی بایەخی ئەوانە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان کە ئەوانیش بریتین لە تەندروستی، بانگوزاری، چاکسازی کەرتی گشتی و هاوکاریکردنی ئاوارە ناوخۆییەکان.
وەزیری پلاندانان ئامادەباشی وەزارەتی دووپات کردەوە بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست، هەروەها داوای لە شاندەکە کرد کە پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکەن، چونکە بەشێکی زۆر لەو پرۆژانەی لەڕێگای بەغدادەوە جێبەجێ دەکرێن یان دوادەکەون یان هەر جێبەجێ ناکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری پلاندانان ئاماژەیدا بەوەی کە حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەهاوبەشی تەمویلی هەندێک لە پرۆژەکان بکات، وەک پێشتر هەمان کار لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی ئەنجامدراوە.