(بەغدا/هەولێر، ٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٥): کیونگوا کانگ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی سەردانی بەغدا و هەولێری کرد بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی مرۆیی. خاتوو کانگ وتی: "تێچووی مرۆییئەم قەیرانە ناخ هەژێنە. ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی کە هەموو ئاماژەکان تیشك دەخەنە سەر خراپبوونی زیاتری بارودۆخەکە لە چەند مانگی داهاتوودا".
خاتوو کانگ هەروەها وتی:" من قسەم لەگەڵ ئافرەتان کرد کە هەموو شتێکیان لەدەستداوە. ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەرکەوتوو بین لە بەهاناوەهاتن بۆ سەرەکیترین پێویستییەکانیان، پێویستیمان بە زیادکردنی توانا هەیە، هەروەها باشترکردنیبەهاناوەهاتن و ئەمن و ئاسایش. نەبوونی ئەمن و ئاسایش تەواوی ئۆپەراسیۆنی کۆمەکی فریاگوزاری دەخاتە مەترسیەوە".
خاتوو کانگ جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە " قەیرانی ئابووری کاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی کوردستان و ووڵاتەکە هەیە و جێگای نیگەرانیەکی زۆرە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە کۆمەڵگای مرۆیی هەنگاو بۆ پێشەوە بنێ و بەپەلە پاڵپشتی دارایی دابین بکات بۆ هاوکاری کردن و ڕزگارکردنی ژیانی ئاوارەکان. ئەگەر ئەمە ڕوونەدات، کاریگەریەکە زیانی زۆری دەبێت".
خاتوو کانگ لە کۆتایی سەردانە دوو ڕۆژەکەی وتی: "پاڵپشتی دارایی پێویستە تاکو بەرنامەکان بە کراوەیی بێڵێتەوە و بۆ یارمەتیدان لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون تاکو خەڵك بتوانن بە خۆبەخشانە و بەسەلامەتی بۆ ماڵەکانی خۆیان بگەڕێنەوە".
خاتوو کانگ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسان لە بەغدا و هەولێر وتی: "عێراق بریتی یە لە یەکێك لە خراپترین قەیرانەکانی جیهان و کەوتۆتە پڕ ململانێترین هەرێمەکانی جیهان. بێ شک پێویستە کۆمەڵگای مرۆیی کاری زیاتر بکات".
بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٠ ملیۆن کەس لە عێراق ئێستا پێویستیان بە هەندێ جۆری هاوکاری مرۆیی هەیە.نزیکەی ٣.٢ ملیۆن کەس لەوەتەی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە ناوخۆی ووڵات ئاوارەبوون. هەوڵەکانی بەهاناوەهاتنی مرۆیی لە عێراق بە شێوەیەکی لاواز پاڵپشتی دارایی کراون. لەو پلانەی کە وەکو کاری لەپێشینە دانراوە بە بڕی ٤٩٨ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی کە لە مانگی حوزەیران دەستی پێکرا بۆ بەهاناوەهاتنی گرنگترین پێویستیەکان لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ ، کەمتر لەسەدا % ٥٠ ی بەدەست هێنراوە، ئەمەش فشار دەخاتە سەر هاوکارانی مرۆیی تاکو ژمارەیەك لە بەرنامەکانی ڕزگارکردنی ژیان دابخەن.