ئەمڕۆ ٧/٦/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە شاندێکی زانکۆی ئەمریکی بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە لوبنان بە سەرۆکایەتی خاتوو (هیام سەقر) و ئەندامێتی چەند پرۆفیسۆر و کارمەندێکی باڵای زانکۆکە.
سەرەتا شاندەکە کورتەیەکیان پێشکەش کرد لەسەر زانکۆی ئەمریکی بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە لوبنان. پاشان باسیان لەو چالاکییانە کرد کە بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا و رێکخراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجامی دەدەن. هاوکات ئامادەباشیان نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.
وەزیری پلاندانان ئاماژەیدا بە پێشکەوتنی بەرچاوی کوردستان و پێداویستی هەنووکەیی بۆ خێراترکردنی پەرەپێدان لە هەرێمی کوردستان، کە بۆ ئەمە پێویستمان بە هاوکاری زانکۆی گرنگی وەک زانکۆی ئەمریکی بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە لوبنان دەبێت. هەروەها باسی لە پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان لوبنان و هەرێمی کوردستان کرد و بەڵێنیدا کە ئەم پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا پتەوتر بکرێن.
لەکۆتایدا شاندەکە خوشحاڵی خۆیان دەربڕی بە ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان و جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پتەوکردنی پردی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و لوبنان.