ئەمڕۆ ١١/٨/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە خاتوو (کرستین مەکناب) جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق .
لە کۆبوونەوەیەکدا باسی چەند بابەتێکی گرنگ کرا وەک کێشەی ئاوارەکان بەهۆی تۆپارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، پرۆژە هاوبەشەکان، یاسای رێکخراوە ناحکومییەکان و پەرەپێدانی تواناکان.
سەرەتا وەزیری پلاندانان هەڵوێستی فەرمی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی روونکردەوە و داوای لە خاتوو مەکناب کرد کە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری ئاوارەی ئەو ناوچانە بکەن.
لەکۆتایدا هەردوولا جەختیان لە درێژەدان بە کاری هاوبەش و جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەش کردەوە. هەروەها وەزیری پلاندانان کۆپییەکی پلانی پەرەپێدانی ستراتیژی هەرێمی کوردستانی پێشکەشکرد بە خاتوو مەکناب، کە وەزارەت دایڕشتووە بۆ ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٦ بۆ پەرەپێدانی هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان.