ئەمڕۆ ٥/٧/٢٠١١ بەڕێز دکتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانان پێشوازیکرد لە شاندێکی بانکی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی (دکتۆر کریستۆفەر رایمەر) تایبەتمەندی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت.
شاندەکە کورتەیەکیان پێشکەشکرد لەسەر پرۆژەکانی بانکی جیهانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابوری و پەرەپێدانی تواناکانی حکومەت لە داڕشتنی بودجە و یاسا داراییەکاندا. هەروەها تیشکیان خستەسەر پرۆژەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و دروستکردنی هاوکاری نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لەپێناو زیاتر بوژاندنەوەی ئابوری هەرێمی کوردستان.
دکتۆر عەلی سندی سوپاسی بانکی نێودەوڵەتی کرد بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتی پلاندانان هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ پێشخستنی کەرتی تایبەت لەڕێگای لێکۆڵینەوەی زانستی و فێربوون لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی تر. وەزیری پلاندانان گوتی کە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی بایەخی تایبەتی هەیە و داوایکرد لەم بوارەدا کار و پرۆژەی هاوبەش ئەنجام بدرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و ئابوری هەرێم بەگشتی.